ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە حکوومەتی ئێران کرد هەموو ئەو کەسانەی لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا دەسبەسەر کراون، ئازاد بکا.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند، هاوکات داوای لێکۆڵینەوەی ورد و بێلایەنی لە چۆنیەتیی کوژرانی “ڕەزا ئۆتابادی” لە خۆپێشاندانەکانی کەرەج کردووە.
ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە داوای لە دەسەڵاتداران و لایەنە پێوەندیدارە ئەمنیەتی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، خۆیان لە ئەشکەنجە و ڕەفتاری نامرۆیی لە بەرانبەر دەسبەسەرکراوەکان ببوێرن و بنەماڵە و کەسوکاریان لە بارودۆخی ژیان و ڕەوشی جەستەییان ئاگادار بکەنەوە.
لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا لە شارە گەورەکانی وەک “تاران، ئیسفەهان، کەرەج، مەشهەد، ئەهواز، ساری” بە هەزاران هاووڵاتی لە بەرانبەر گرانی، بێکاری، دۆخی ناسەقامگیری بازاڕی دراوی ئێران، ڕژانە سەرشەقامەکان و لە زۆر شوێن هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕووبەڕووی خەڵک بوونەوە بە سەدان کەسیان دەسبەسەر کردووە.
پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوکیی ئێران و دەسپێکی قۆناغی یەکەمی گەمارۆکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، بارودۆخی ئابووری و سیاسیی ئێران ئاڵۆزتر بووە و لە هەندێک ناوچەی ئێران و بەتایبەت بەلووچستان خەڵک لەوپەڕی هەژاری و دەستەنگیدا دەژێن.