ئەمڕۆ ۱٦ی گەلاوێژ، ۱۱ ساڵ بەسەر دامەزرانی کورد کاناڵ، دەنگ و ڕەنگ و زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان، تێپەڕی. لە ڕێوڕەسمێکی خنجیلانەدا کە بەو بۆنەیەوە لە قەڵای دیمۆکرات بەڕێوەچوو، سەرەتا هەژیر عەبدوڵڵاپوور، بەڕێوەبەری ئەو کاناڵە وێڕای پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەران و ستافی کورد کاناڵ و سەرجەم خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، وتی: “گەرچی ئەم کاناڵە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا لەگەڵ کەممی ئیمکانات بەرەوڕوو بووە، بەڵام بەو حاڵەش بە لێبڕاوی و هیممەتی پێشمەرگانەی بەڕێوەبەران و کارگێڕانی، توانیویەتی لەلایەک سیاسەت و بەرنامەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بباتە ناو ماڵی تاک بە تاکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لەلایەکی دیکەش ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە خزمەت بە کەلتوور، ئەدەب، زمان، ژینگە، بۆنە و ڕێوڕەسمەکان، ناساندنی شوێنەوارە مێژووییەکان و لەقاودانی سیاسەتە دژی گەلییەکانی ڕێژیم و بەگشتی بردنە سەری ئاستی زانیاری و ئاگایی بینەرانی”.
ناوبراو لە درێژەدا لەسەرپێبوون و بەردەوامیی کورد کاناڵی وەک کاناڵێکی ڕاستبێژ و جێی متمانە گەڕاندەوە بۆ شەونخونی و ئەرکوەخۆگریی کارگێڕانی ئەو کاناڵە کە لەو پێناوەدا شەو و ڕۆژ پێکەوە گرێ دەدەن.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، بەڕێز مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. ناوبراو وێڕای دەستخۆشی و بەرزنرخاندنی کار و ئەرکی بەڕێوەبەران و کارگێڕانی کورد کاناڵ گوتی: “سەرەڕای کەمیی ئیمکانات و کەرەستەی پێویست دەتوانم بڵێم کوردکاناڵ بۆ گەیاندنی بابەتو ڕووداوە ڕۆژەڤەکان ڕوو بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پلەی یەکەمدایە، کوردکاناڵ نەتەنیا بۆتە پردی پێوەندی لە نێوان حیزبو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا تەنانەت پێوەندی تەشکیلاتیشی لە نێوان ئەم دوولایەنەدا پێکهێناوە. ئێمە لە وڵاتێک داینە کە زۆرترین زووڵممان لێدەکرێ لەلایەن حکوومەتەوە، کوردکاناڵ یەکێک لە دەگمەن میدیاکانە کە ڕاشکاوانە وبە ڕوونی تەواوی ئەم کارەساتانە بڵاو دەکاتەوەو دیانگەیەنێتە بەر دیدی ڕای گشتی”. ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە وتەکانیدا وتی: “یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کوردکاناڵ ئەوەیە کە تەنیا بە زاراوەیەکی دیاریکراو بەرنامە چی ناکاو بە چەند زاراوەی جیاواز لە زمانی کوردی بەرنامەکانی پێشکەش بە بەردەنگەکانی دەکا و ئەوەش نیشانەیەکە لە فرە ڕەهەندبوونی ئەم کاناڵەو دیاریدەری ئەوەیە کە کوردکاناڵ پێبەندە بە درووشمەکانییەوە”.
لە کۆتاییشدا مەڕاسمەکە لەلایەن “هەژیر عەبدوڵڵاپوور” بەڕێوەبەری کوردکاناڵ کۆتایی پێهات.