بانکی ناوەندیی ئێران سیاسەتی نوێی سەبارەت بە دراوی بیانی راگەیاند، بەپێی سیاسەتە نوێیەکەی حکوومەتی ئێران، بەهای دۆلار بە نرخی دەوڵەتی کە لە چوار هەزار و 500 تمەن کەمترە، بۆ هاوردەکردنی دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکە تەرخان دەکات، بەڵام هاوردەکارانی ئەو کەلوپەلانەی کە سەرەکی نین، لە بازاڕی ئازاد دەبێت دراوی بیانی دابین بکەن.
بەهای دراوە بیانییەکانیش لە بازاڕی ئازاددا، بەپێی خواست و خستنەڕوو دەبێت. هەروەها بڕیارەکەی پێشووی حکوومەت، لەبارەی قەدەخەکردنی کڕین و فرۆشتنی دۆلار لە بازاڕ و نووسینگەکاندا هەڵوەشایەوە.
حکومەتی حەسەن رووحانی دوای تەنیا چەند مانگ تەسلیمی بازاڕی ئازاد بوو، بازاڕێک کە نرخی دۆلار و کەلوپەل خۆی دیاریی بکات. حکومەتی رووحانی بەهاری ئەمساڵ نرخی هەر دۆلارێکی بە چوار هەزار و 200 تمەن دیاریکرد.
لە پاکێجی نوێی دراودا ئاڵوگۆڕ بەپێی میکانیزمی بازاڕ و بەگوێرەی خستنەبازاڕ و داواکاریی دەبێت، تەرخانکردنی دۆلار بە نرخی حکوومەتی بۆ کەلوپەلەکانیش سنووردار دەکرێ.
عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندی دەڵێ، کاڵا و کەلوپەلە سەرەکی و هەرە پێویستەکانی وەک دەرمان، کەلوپەلی پزیشکی بە نرخێکی جێگیر و بەبێ ئەوەی نرخیان بەرزبێتەوە، دەبێت بگەنە دەستی خەڵک. حکومەت مۆڵەتی بە بانکی ناوەندیی داوە بە دۆلار بە نرخی چوار هەزار و 200 تمەن ئەمانە دابین ببن. بەگوتەی محەممەد شەریعەتمەداری، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی، کاڵا سەرەکییەکان برنج، قەند، شەکر، رۆن، گەنمە شامی، سۆیا و پێداویستی لەمجۆرە دەگرێتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم وەزارەتە لیستەکەیان رادەگەیەنێت.
جگەلەمە بازاڕێکی دووەم پێکدێ کە لەودا نرخی دراو بەپێی رێککەوتنی کڕیار و فرۆشیار دیاریی دەکرێت.
لە چەند مانگی رابردوودا بۆ کۆنترۆڵی بازاڕی حکوومەت سەڕافییەکانیشی داخست. بەپێی سیاسەتی نوێ بڕیارە لە رۆژی سێ شەممەوە بکرێنەوە.حکومەت نرخی دراوەکان بە دەستکرد دەزانێ و هیوادارە سیاسەتی نوێی دراو بیشکێنێ و کۆتایی بە سیستەمی رانتی بێنێت.