رۆژی دووشەممە ١٥ی گەلاوێژ دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا لە درێژەی گوشارەکانی بۆ سەر دەوڵەتی تاران بەتایبەتی دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنی بەرجام، دەوری یەکەومی گەمارۆکانی بۆسەر کۆماری ئیسلامی واژۆ کرد و سبەی سێشەممە دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
مایک پمپێۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە تویتەری خۆی ڕایگەیاند؛ ئێمە تەنیا لەسەر گۆڕینی رەفتاری دەوڵەتی تاران ئامادەین وتووێژ بکەین.
دوای ڕاگەیاندنی خولی یەکەمی گەمارۆە نوێیەکان بۆ سەر ئێران، کە تەرخان کراوە بە کەرتی پیشە سازیی و ماشین و مامەڵەی بانکی و (دۆلار) و قەدەغەکردنی پێوەندی بازرگانی شیرکەتەکانی ئورووپا و ئامریکایی لە گەڵ ئێران و مامەڵەی ڕیاڵی ئێران، یەکەم خولی گەمارۆەکان خرایە بواری جێبەجێ کردن و بڕیارە رۆژی ١٣ی خەزەڵوەر دەوری دوویەمی گەمارۆکان کە تایبەتە بە کەرتی نەوت و گاز وەگەڕ بخرێت.
لە پێی دەوری یەکەمی گەمارۆکان هیچ کۆمپانیایەک بۆی نییە فرۆکە و پێداویستییەکانی کەرتی فرۆکەوانی بە ئێران بفرۆشێ، گۆڕینەوە و مامەلە کردن بە دراوی ئێرانی سنووردار دەکرێ و، ئەو دراوە مامەلەی گەورەو بەرچاوی پێوە ناکرێ، سەرجەم ئەو شیرکەتانە لە ئامریکا دەردەکرێن کە کار لە کەرتی نەوت وگازی ئێراندا دەکەن و تێکنۆلۆژی نوێ دەبەنە ئێران، فرۆشتنی هەر جۆرە ئامێرێکی سیخوڕی بە دەزگا سەربازییەکانی ئێران قەدەغەی دەخرێتە سەر،لە رۆژی سێشەممە ١٦ گەلاوێژ ناوەندی دەنگ و رەنگی ئێران دەخرێتە لیستەی رەشەوەو هەر لایەنێک کە ئامێر و تێکنۆلۆژی نوێیان پێ بفرۆشێ ئەبێ بازاری ئامریکا جێبهێلێ.
شیاوی باسە کۆمەڵێک خاڵی دیکەش لە گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران ئاماژەی پێدراوە.
دەگوترێ کە گەمارۆنوێیەکانی ئامریکا دۆخی ئابووریی ئێران خراپتر دەکاو ماوەیەک لەمەوپێش بەرپرسی بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند بوو: کە شەڕێکی قورسی ئابووری بەڕێوەیە.