کێ بێ و گوێی بۆ گۆرانییهکی فهتانه نهگرتبێ و ئاوپڕشکێنی دڵی نهکرابێ؟ هونهرمهندێک که ناوهکهی و دهنگه ئههووراییهکهی ئاوێتهی چارهنووسێکی تاڵ و ناخۆش بووه.
فەتانە وەلیدی، هونەرمەندی دەنگخۆش و ناوداری کورد ساڵی ١٣٢٢ی ههتاوی لە شاری سنە چاوی بۆ ژیان کردەوە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەرگای قوتابخانەی بە ڕوودا دەکرێتەوە و، هەر لەو تەمەنە شیرینەوە لەگەڵ ئەوینی ئاواز و مۆسیقا تێکەڵ دەبی و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بە ناخی ئەم خۆشەویستییەدا شۆڕ دەبێتەوە و زۆر بەخێرایی قۆناغەکانی سەرەتایی دەبڕێ و تواناکانی دەردەکەون.
فهتانه لە تەمەنی مێرمنداڵیدا سەرنجی مامۆستایانی بواری مۆسیقی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و بەچەشنی کۆلکەزێرینەی پاش باران لە ئاسمانی ئاویەرەوە دەخزێتە نێوگۆڕەپانی شاری سنەی لانکی گۆرانی و هۆنراوە و دڵی ئۆگرانی ئاواز و مۆسیقای گەلە زمان زەوتکراوەکەی بە گۆرانییەکانی دەلاوێنێتەوە.
ئەم هۆزانە بە حەنجەرەی زێڕین و چریکە ئههووراییهکهی پتر له 60 گۆرانیی لە ڕادیۆ سنە و کرماشان و تاران تۆمار کردوە و چهپکێکی تری لە گوڵ خستۆتە سەر خەرمانی زمان و ئاوازی کوردی. ئەو گۆرانییانەی ناوی فتانەیان خسته سهر زار و زمانان و گەیاندیانە پێگەی بەرزی هونەری، بریتین لە، «سەبری گوڵ فرۆش»، «ئامان شیرین گیان»، «ئەی یاری نازدار»، «دیدەی گریان»، «لەسەر کانی» و، «لای لای گوڵم لای»… کە تا ئێستا بە نەمری ماونەتەوە و زۆرن ئەو کەسانەی کە سەردەمانێکی شیرینیان لەگەڵ ئەو ئاوازانەدا بهسهر بردووه.
فهتانه لە درێژەی ئەم ڕێگەیەدا گوڵی باخی دەپشکوێ و هێندەی تر بەرامەی خۆشەویستیی ئەم خولیایەی لێ دەنیشێ، گۆرانیی «لای لای گوڵم لای لە باغی سینە.. ئاڕام بنیشە شادی بوینە»، ئەو ئاوازەیە کە نەرم و نیانیی دایکانی کورد وێنا دەکا و، ئامۆژگاری و خۆشەویستییان بە تاسەوە وەبیر دێنێتەوە، کە سەرنجی هەر مرۆڤێکی خاوەن هەست دەجووڵێنێ و، نوقمی داستانی لە خۆبوردوویی و شەونخونیی دایکانی جگەرسۆز دەبێ…
فهتانه لە دەرئەنجامی ئەو ئەوینەوە بەرگی ئاڵای پڕ بەباڵای سەربەستی دەپۆشی و، بەو پەڕی بوێرییەوە وەک هێمایەکی درەوشاوە دەرکەوت و کابووسە نەریتیەکانی تێک شکاند، ئاخر ئەو سەردەمەی فهتانە هاتە گۆڕەپانی ئاوازەوە، ئافرەتانی بڕواڕهنگین و داهێنەری وڵاتەکەی حەز و خۆلیاکانیان لەژێر دهسهڵات و هەیمەنەی پیاوسالاریدا دەچەوسانەوە و هومێدێک بۆ ژیانی یەکسانی و بەرابەریی ژن و پیاو بەدی نەدەکرا، هەر بۆیە شایانی ئەوەیە وەک ڕچەشکێنێک ناوی بەرین و یادی بکەینەوە…
ئەم هونەرمەندە لە کەنار خوڕەی کانیاو و جریوەی مەل و سروشتی دەگمەنی سنەی ئازیز سەری هەڵ دا و لە سپێدەی بەیانیدا هونەر و، زانستی وێکڕا نەشونەمایان کرد، سەرەنجام لە هونەرستانی عالیی تاران بڕوانامەی لیسانسی هونەری وەدەست هێنا و پتر ئەم هیوایەی تێدا گەشایەوە و ڤەژەنی ئەم هەناسەیه بوو بە مایەی سەرنجی ژەنیارەکانی بواری موزیک و خۆی لە جیهانێکی بەربڵاوتری ئاوازدا دیتەوە و، ویبڕاتۆی سۆزی ئههورایی لە زۆربەی تۆنە موسیقاییەکانا ڕەنگی دایهوە و بە شێوازێکی سەرکەوتوانە ئەم ڕێگە سەخت و ناهەموارەی بڕی.
فهتانه لە هەواری ئەم کوێستانەوە سەری بە هۆبە و ڕەشماڵانی دوندی چیا و پێدەشتی کاکی بە کاکیی زێدی بابانی دادەکا و، بۆنی گوڵ و کەما و مەندۆک لەگەڵ تریفەی ئەستێرە و خەرمانەی مانگ لە هەستیا خۆ دەنوێنێ. ئەم گشتە جوانییە لە ئامێزی ئەشقێکی سەربزێو ئەگیرسێتەوە و وەرزێکی نوێ لە سروشتی ژیانی دەست پێ دەکا، ئیتر فتانەی هونەرمەند ئاواز بۆ مەبەستی دەچڕێ و ژوانی دڵدار و چپەی حەزێکی شهیدا گۆمی مەندی خەیاڵەکانی دەشڵەقێنێ و، شەوان خەو بە بزەی شیرینی یارەوە ئەبینێ و، ڕۆژانی لە زەمزەمەی گۆرانی و ئاوازا کۆرپەی خۆشەویستیی ئەم هیوایە ڕادەژێنێ…
بهمجۆره ئەشقێک لە چهشنی ئهوینی وەلی دێوانە بەرۆکی دهگڕێ و سەراپای وجوودی دادەپۆشێ، بەڵام لەپڕ ئەم ئەوینە بزڕ دەبێ و، ماوەی چەند ساڵ بە پێوشوینی ئەم ئەشقەدا دخولیتەوە و، هیوابڕاو هەناسەسارد، لەگەڵ خەو و خەیاڵیا بەسەر ئەبا و، دەست لەئەژنو چاو لە ڕێگا، خەمی ئەوین گەورە دەکا و دهیخهمڵێنێ و، جارجار بزەی کزی شەرم لەگەڵ ڕابردوویدا دەدوێ و وەسفی لەتوانای ئاواز و هونراوەکان تێ دەپەرێ و ئەم نەوایە ڕۆدەچێتە دەروونێکی وێرانەوە و لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا بولبول باخی لەبیر دەکا و هێلانەی چۆل بە چڵووکی دارەوە بەجێ دێڵێ. لەو کاتەوە دەستەودامێنی شەماڵ و زریانە بۆ تاقانەکەی، مەخابن، خەڵوەتخانەی دەروون وێڵە بە شوێن عینوانەوە و کەس هەواڵی ئەم بێدەنگییە نازانێ و بە غەیری دڵی، سێڵاوی هیچ بارانێک ئەم بەستێنە ناشواتەوە و، خرۆشانی ئەم زەریایەش ڕاناوەستێ و بە لرفەی ئەم شەپۆلانە بەرەو دیاری دوور لە خۆی ڕای دەماڵێ و لە کەناری بیابانێکی قاقڕا بە تەنیایی بەجێی دێڵێ و لهو ساتهوه به جێژوانگهی چۆڵ و خهیاڵا ئهڕوانێ..
لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)