وتەبێژی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە، ئەحمەد عێراقچی جێگری بانکی ناوەندیی ئێران لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کراوە.
سایتی خەبەریی “میزان” لە زمان “غوڵامحوسێن محسنی ئێژەیی” بڵاویکردووەتەوە: “لە درێژەی بەدواداچوون بۆ پەروەندەی گەندەڵیی ئابووری لە نێو سیستمی دراویی ئێران، پەروەندی ٣ کەس ڕەوانەی دادگا کراون و یەکیان دەسبەسەر کراون”.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە : “ڕۆژی ڕابردوو فەرمانی دەسبەسەرکردنی ٣ کەسی دیکەش دەرچووە و بەو زوانە دەسبەسەر دەکرێن”.
دەسبەسەرکردنی جێگری دراویی بانکی ناوەندیی کۆماری بئیسلامیی ئێران، لە کاتێک دایە کە ڕۆژی ڕابردوو بە ڕەسمی لە پۆستەکەی دەرکرابوو.
نیزیکەی 10 رۆژ لەوەپیش، لەسەر بڕیاری حەسەن رۆحانی سەرکۆماری ئێران، وەلیوڵڵا سەیف لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران دوور خرایەوە و عەبدولناسر هیممەتی لە شوێنەکەی دانرا.
پاش کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی 5+1 و سەپاندنی چەندین سزای ئابووری، سیاسی و نیزامی بەسەر ئەو وڵاتە، نرخی تمەن لە نزیکەی 500 هەزار تمەن بەرامبەر 100 دۆلارەوە گەیشتە زیاتر لە یەک میلیۆن و 200 هەزار تمەن.