فەرماندەی هێزە ویشکاییەکانی سپای پاسداران لەمەڕ تێکهەڵچوونی ئەم دواییانەی نێوان هێزە کوردییەکان و سپای پاسداران ، سەر لەنوێ هەڕەشەی لە ئۆپۆزسیۆن کرد و، گوتی: وڵامی توندمان دەبێ و لە هەر شوێنێک تەنانەت لە باشووری کوردستانیش بن ئێمە تۆڵەی خۆمانیان لێ دەکەینەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی فارس، محەممەد پاکپوور فەرماندەی هێزە ویشکاییەکانی سپای پاسداران ئەمڕۆ دووشەممە 15ی گەلاوێژ لە مەڕاسمێکدا لە تاران ڕایگەیاند: کات و شوێنی تۆڵە کردنەوەمان دیار نییە بەڵام هەموو حیزبەکان دەبێ ئەوە باش بزان بۆ ئێمە هیچ جیاوازیی نییە کە لە کام وڵاتی دەراوسێ ئێران چ لە باکووری عێراق بن و چ لە چیاکانی سنووری ئێران و تورکیە بن ئێمە بە توندترین شێوە تۆڵەیان لێدەکەینەوە.
ئەمە یەکەمجار نییە کە بەرپرسانی سپای پاسداران هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە حیزبە کوردییە دژبەرەکانی ئێران دەکەن و، بەردەوام سنوورەکانی هەرێمی باشووری کوردستان دەبەزێنو، ئەو سنوورانە تۆپ باران دەکەن بە بەهانەی بوونی ئەو حیزبانە لەو ناوچانەدا و ژیانی خەڵکی خۆجێیی لەسەر سنوورەکان دەخەنە مەترسییەوەو لە لایەکی دیکەشەوە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە تەواوەتی میلیتاریزە کردووە بە مەبەستی سەرکوت و، تۆقاندنی خەڵکی ئەو شارانەو نەهێشتینی سەرهەڵدانی هەرچەشنە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینێ.