بەپێی هەواڵی بڵاوکراو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ، ژینگە دۆستێکی کورد بەناوی زیاد مەلائەحمەدی، خەڵکی گوندی “دزە”ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە ئازادکردنی ٣٠٠ کەو، قاسپە وجوانی پێشکەش بە سروشتی کوردستان کرد.
ئەو ژینگە دۆستە ڕایگەیاند: بە هۆی نەمانی کەو و باڵندە و ئاژەڵەکان لەو ناوچەیە، بە هاوکاریی شورا و دێهیاری گوندی دزەی مەرگەوەڕ، بە کڕینی ٣٠٠ هێلکەکەو و بارهێنانیان لە ڕێگەی دەزگاوە و پاشان بە ئازادکردنی کەوەکان توانیان جوانییەک بە سروشی ئەو ناوچەیە ببەخشین.
هەروەها داوای لە خەڵکی کوردستان کردوە، کە خۆیان لە ڕاوکردنی باڵندەکان بەتایبەتی “کەو” ببوێرن، چونکە ئەو باڵندە بە هۆی ڕاو کردنی زۆر مەترسی لە ناوچوونی لەسەرە و، ئەو خەسارەش بە ئاسانی قەرەبوو نابێتەوە.
شیاوی باسە چەند ساڵێکە ژینگەدۆستانی کورد لە ڕێگای جۆراوجۆرەو لە هەوڵی پاڕاستنی ژینگە سروشتی کوردستان و خەمخۆرانە لەو پێوەندییەدا ئەرکیان وەئەستۆ گرتووە و، دەیان چالاکیی ینگەپارێزییان بەڕێوە بردووە کە بریتین لە ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان بەتایبەتی منداڵان بۆ ڕیزگرتن لە ژینگە، شکاندنی چەکی ڕاو، سووتاندنی قەفەسەکان، نەمام چاندن، کۆکردنەوەی زبڵ و خاوینکردنەوەی سەیرانگەکانیان بەڕێوە بردووە.
جێیئاماژەیە هەڵمەتی ژینگەپارێزی لە شارەکانی کوردستان بۆتە نەریتێک و، بە پێچەوانەی دەسەڵات، لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی لێدەکرێ.