ڕۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیلی، کات و شوێنى چاوپێکەوتنی دۆناڵد تڕا‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا و حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێرانى، ئاشكرا كرد.
ڕۆژنامه‌ى “مه‌عاریف”ى ئیسرائیلی، له زمان سه‌رچاوه دیپلۆماسییه‌كان ئاشكراى كرد، كه: “دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا، مانگى داهاتوو له شارى نیویۆرك له كاتى به‌ڕێوه‌چوونى كۆبوونه‌وه‌كانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، چاوی به حه‌سه‌ن ڕۆحانى، سه‌رکۆماری ئێران، ده‌كه‌وێ”.
ئەو ڕۆژنامەیە كه به‌زمانى عیبری بڵاو ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌شى ئاشکرا کرد كه له‌و ماوه‌یه‌دا و به‌مه‌به‌ستى بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوەیە، سه‌رچاوه دیپلۆماسییه ئه‌ڵمانى و فه‌ڕه‌نسییه‌كان، به‌شێوه‌ى ناڕەسمى ناوبژیوانیی نێوان ئه‌مریكا و ئێران‌دا ده‌كه‌ن.
پێشتر، ماڵپه‌رى “دیبكا”ى ئیسرائیلی، ئاشكراى كردبوو، ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی ئێرانى چاوپێکەوتنەکە ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، به‌ڵام دۆناڵد ترامپ خۆى بۆ دیدارى حەسەن رۆحانى، ئاماده کردووە.
ئەو سەرچاوە هەواڵدەرییە ئەوەشی ئاشكرا كرد، كه بە ناوبژیوانیی پاشای عومان، له‌مانگى ڕابردووه‌وه وتووێژی نێوان هه‌ردووک وڵات ده‌ستی پێكردووه.
پێشتر، دۆناڵد ترامپ، ئاماده‌یی خۆى بۆ چاوپێکەوتن حەسەن ڕووحانى ده‌ربڕى و ڕایگه‌یاندبوو، هه‌ركاتێك ئێرانییه‌كان بیانه‌وێ، له‌هه‌ر شوێنێك به‌بێ مه‌رج لەگەڵیان دادەنیشم.
هەروەها بە وتەی عیسا سەحەر خیز چالاکی سیاسی، ئێران ٧ مەرجی خستووتە بەردەستی ئامریکا کە گرینگترینەکانی دۆخی ئابووری و گەمارۆکانە و ڕاگرتنی هەڕەشەکانی ئامریکا و هەوڵنەدانی بۆ روخاندنی ڕێژیمی تارانە.












