سەرکەوتنە جیهانییەکەی پرۆفسۆر کۆچەر بیرکار لە بواری زانستی بیرکاریی و بە دەستهێنانی میداڵی “فیلدز”، بەناوبانگترین خەڵاتی جیهانی لە بەشی بیرکاریدا، لە ئاستی کوردستان و ئێران دەنگدانەوەی هەبوو.
جیا لە پیرۆزبایی کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها کۆمەڵێک ئەنجومەن و ڕێکخراوی مەدەنی نێوخۆی وڵات، بە هۆی هەڵوێستی کوردانەی ئەو لاوە بەهرەمەندە چ لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەی وچ لە دوایین پەیامەکەیدا، بۆ بە هۆی خوشحاڵی خەڵکی کورد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بەربڵاوی باسی لێ کرا.
لە درێژەی کاردانەوەکان بە نیسبەت ئەو سەرکەتنە، رۆژنامەکانی ئێرانیش هەواڵ و ڕاپۆڕتیان لێ بڵاوکردەوە ئەڵبەت لایەنی کوردبوونی کۆچەر بیرکار، لە ڕاگەیاندنەکانی ئێران کەمڕەنگ کرابوو ، ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو خەڵاتەکی پێشکەش بە گەلی کورد کردبوو، هەرئەمەش تووڕەبوونی هێندێک کەس ولایەنی دەمارگرژی لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ شەممە ١٣ی گەلاوێژ رۆژنامەکانی( شەرق، شەهروەند، قانوون، ئێران، ئافتاب، سازندەگی، ئیتلاعات، هەمشهری، کەیهان) و، چەندین ماڵپەڕی دیکە باسیان لە فەریدوون درەخشانی ( کۆچەر بیرکار) کرد کە خەڵاتی نۆبێلی بیرکاریی بەدەست هێناوە.
شیاوی باسە میداڵی فیلدز لە ساڵی ١٩٣٦ زایینی هەتا ئێستا، لە لایەن دامەزراوەی فیلدز لە شاری تۆرنتۆ هەر چوار ساڵ جارێک بە دوو کەس هەتا چوار توێژەری ژێر تەمەن ٤٠ ساڵ، کە لە بەشی بیرکاری لە جیهاندا کار دەکەن، دەدرێت.