بە گوێرەی هەواڵێک کە لە شاری مەهابادەوە بە دەستمان گەشتووە، بە داخێکی زۆرەوە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، سەیدزادە بێری ئەحمەدی بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٨٣ ساڵی دا ماڵئاوایی لە ژیان کرد. سەیدزادە بێری ئەحمەدی دایکی شەهید محەممەد نیزامی و کاک سەید مەحموود نیزامی تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، یەکێک لەو دایکە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرانەی کوردستان بوو کە بە درێژایی ٤٠ ساڵ خەباتی ئاشكرای حیزبی دیموکراتی کوردستان، پشتیوانی شۆڕش و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کوردستان بوو.
سەیدزادە بێری مرۆڤێکی خۆشەویست، گەل دۆست و جێی بڕوا و متمانەی ناو خزم و دۆست و ناسیاوانی بوو. ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی شەهید محەممەدی جگەرگۆشەی لە زیندانی ورمێ لە لایەن هێزە دژی گەلییەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئیرانەوە لە سێدارە درا، بەڵام ورەی بەرزی نەڕووخا و تا دوا ساتەکانی ژیانی چاوەڕێی گەڕانەوە کاک سەید مەحموودی شؤڕشگێر بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی مەرگی ئەو دایکە ئازیزەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هاوڕێ سەید مەحموود نیزامی دەکات و بەشداری خەمیانین.