تیمێکی سەر بە پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵامی میلیتاریزە کردنی کوردستان و بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان، لە هەڵمەتێکی چەکداریی پایگایەکی ڕێژیمیان کردە ئامانج.
بە پێی ڕاپۆڕتی ژووری فەرماندەیی پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە لاپەڕەی فەرمیی ئەوان بڵاوکراوەتەوە،
کاتژمێر ١٠ شەوی پێنجشەممە لە سەر هەینی، رێکەوتی ١١ لە سەر ١٢ی گەلاوێژ، تێمێکی دەست بە چەکی ئازا لە پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هێرشیان کردوە سەر “پایگای سینگان” لە شاری شنۆ.
پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن: تیمێک لەوان بە نارنجۆک و کڵاشینکۆف هێرشیان کردە سەر ئەم پایگایە، وێڕای گەیاندنی زەرەر و زیانێکی بەرچاو لەم پێگەیەی رێژیم، توانیان ترسێکی قورس و گران بخەنە دڵی هێزە بەکرێگیراو و خۆفرۆشەکانی رێژیمەوە.
پایگای “سینگان” لە شاری شنۆ کە کەوتۆتە بەر زەبری پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک پێگەی عەمەلیاتیی رێژیم و مۆلگەی زۆرێک لەو بەکرێگیراونە دێتە ئەژمار کە رۆژانە دەستیان لە ئازار و ئەزییەتی خەڵکی ناوچەکەدا هەیە و کەمین بۆ کۆڵبەرانی بێدەرەتانی کورد دادەنێنەوە و تەقەیان لێ دەکەن.
هەروەها لە درێژەی ڕاگەیەندراوی پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتووە: ئامانجی پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زەربەوەشاندن لەو پایەگایەی رێژیم، لە لایەک وریاکردنەوەی ئەم بەکرێگیراوە خۆجێییانەیە کە لە پێناو پاداشێکی رەزیلانەدا پشتیان لە خەڵک و نیشتمانەکەیان کردوە و خۆشخزمەتی بە رێژیمی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن و، لە لایەکی دیکەشەوە ئاگارکردنەوەیەکی سەرەتاییە بۆ خودی کاربەدەستانی ئەمنیەتیی رێژیم لەم ناوچانەیە بۆ ئەوەی بزانن کە رۆڵەکانی کورد ئیزنیان پێنادەن درێژە بە میلیتاریزەکردنی نیشتمانەکەیان بدرێ. بۆیە لێرەوە داوا لە بەکرێگیراوانی خۆجێیی دەکرێ کە بە وازهێنان و دووریکردن لە خۆشخزمەتی بە رێژیم، ڕوو لە ژیانێکی شەڕافەتمەندانە بکەن و بەم جۆرە خۆیان لە تووڕەیی خەڵکی کوردستان و پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بپارێزن.