هێزه‌كانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چه‌كه قورسه‌كانی خۆیان بۆ 85 كیلۆمیتریی سنووری ئیسرائیل و سووریە له به‌رزاییه‌كانی جۆلان، دوور خستەوە. ڕێژێمی به‌شار ئه‌سه‌د، توانی به پشتیوانی سپای قودسی ئێران و میلیشیای حیزبوڵڵای لوبنان، ناوچه‌كانی باشووری ڕۆژاوای سووریە كۆنترۆڵ بكاته‌وه.
سەرچاوەیەکی هه‌واڵدەریی “تاس”ی ڕووسی لە زمان ئه‌لیكسانده‌ر لاڤرۆنتییڤ، نوێنەری سه‌رۆكی ڕووسیە بۆ دەمێشق، بڵاویكرده‌وه كه “هێزه‌كانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و میلیشیاكانی سه‌ر به تاران، له سنووری جۆلان كشانه‌وه”.
هه‌روه‌ها دەڵێ: ” لەوانەیە ژماره‌یه‌ك له سه‌ربازه ئێرانییه‌كان بە نهێنی، كه خۆیان به ڕاوێژكاری نیزامی لە سووریە ناساندووه، له نێو سپای سووریە له‌نیزیك سنووره‌كانی ئیسرائیل بمێننه‌وه”.
هەروەها ناوبراو پێداگریی كرده‌وه، كه ئێستا هیچ چه‌كێكی قورس و یه‌كه‌ی شه‌ڕكه‌ری کۆماری ئسلامیی ئێران كه ببنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئیسرائیل، له 85 کیلۆمیتریی له هێڵی سنووری ئیسرائیل نیه.
حەوتووی ڕابردوو، به‌رپرسێكی ئیسرائیلی ڕایگه‌یاند، ڕووسیە پێشنیاری دوورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئێرانی بۆ دووری 100 کیلۆمیتری له سنوری ئیسرائیل كردووه، به‌ڵام ئیسرائیل ئه‌و پێشنیازه‌ی ڕه‌تكردووه‌ته‌وه.
هەروەها ڕوونیكرده‌وه، كه پێشنیاره‌كه له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان بینیامین نه‌تانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل و سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیە، خرایه‌ڕوو.
هاوكات، ڕۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیلی ئاشكرای كرد، كه وڵاتەکەی داوای لە لایەنی ڕووسی کردوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ته‌واوه‌تی له سووریە بكشێننه‌وه.