پارێزەری کچانی شیناوێ رایگەیاند تا ئێستا چوار کەس لەو کچانە پەنایان بۆ خوکوژی بردوە.
حوسەین ئەحمەدی نیاز پارێزەری کچانی شیناوێ لە میانەی بەشداری کردنی لە بەرنامەی دیداری حەوتوو لە کوردکاناڵ وتی باری دەروونی کچانی شیناوێ زۆر خراپە و تا ئێستا چوار کەسیان پەنایان بۆ خۆکوژی بردوە.
ئەحمەدی نیاز رایگەیاند سەرەڕای خراپی باری دەروونی ئەو کچانە هەتا ئێستا دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنانەت یەک دەروونناسی نەناردوە کە لە باری دەروونییەوە کار لە سەر کچانی شیناوێ بکرێ.
ناوبراو لە درێژەدا وتی؛ دەوڵەت هەتا ئێستا دیەی دوو کەس لەو کچانە کە هەر ئەو کاتە گیانیان لە دەست دا نەداوەتە بنەماڵەکانیان و،
کچانی دیکەش تا ئێستا دیەی تەواوی خۆیان پێ نەدراوە.
سەبارەت بە هۆکاری بەڕێنەکرانی کچانی شیناوێ بۆ دەرەوەی وڵات ئەحمەدی نیاز وتی: بەداخەوە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی قەول و بەڵێنی درۆیان داوە و، ئێستا ناردنی ئەو کچانە بۆ دەرەوە خۆ دەبوێرن و پێیان وایە کە ناردنی ئەو کچانە بۆ دەرەوە زەربە لە حەیسیەتی کۆماری ئیسلامی دەدا، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ئێران ئیمکانی چارەسەری تەواو بۆ ئەو کچانە نیە.