بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی زریان موکریان، حەسەنعەلی حاجیدلیگانی نوێنەری شاهینشارو مەیمە لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلفبا وتی: ئەم گەڵاڵەیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەجلیس لەلایەن نوێنەرانی فڕاکسیۆنەکانی ئومید، موستەقلینو ویلاییەکان وەگڕ کەوتووە و ئێستا خەریکین واژۆی بۆ کۆدەکەینەوە.
ناوبراو وێڕای باسکردن لەوەیکە گەڵاڵەی گۆرین لەلایەن کۆمەڵێک لە نوێنەرانەوە واژۆ کراوە وتی: ئەم گەڵاڵەیە لە 10 خاڵ پێک دێ کە، نەبوونی بەڕێوەبەرییەکی دروستی بازاڕی دراو، بەرزبوونەوەی نرخی سککە و ئاڵتوون ، گرانبوونی لە ڕادەبەدەری پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، گەندەڵیی ماڵی لە هاوردەکردنی کاڵا ، لەو خاڵانەن.
پێشنیاری گەڵاڵەی لێپێچینەوەی ڕوحانی لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن “جەلال مەحموودزادە” نوێنەری شاری مەهاباد، لەداوی داخرانی سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵاتو باشووری کوردستان ئامادەو پێشنیار کرا.
مەحموودزادە لە مەڕاسمی ڕۆژی شوڕا کە لە شاری مەهاباد بەڕێوەچوو لە گوتارێکدا وتی: چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد کە ڕوحانی سنوورەکان دابخات، ئێمە نوێنەرە کوردەکانی مەجلیس لە هەوڵی وەدەست هێنانی وڵامێکی شیاوین لە سەرکۆمار و، لە ئەگەری وڵامدەر نەبوونی روحانی، بێگومان گەڵاڵەی لێپێچینەوەی لە مەجلیس دەخەینە بەر باس و دەنگدان.
پاش دوومانگ لە پێشکەشکرانی ئەو گەڵاڵەیە بە مەجلیس، دوێنێ ٩ی گەلاوێژ لە گفتۆگۆیەک لەگەڵ ڕۆژنامەی تەسنیم “جەلال مەحموودزادە” بڵاوی کردەوە کە ئەو گەڵاڵەیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ١٠ی گەلاوێژ واژۆی بۆ کۆدەکرێتەوە.
هەروەها وتیشی : داڕێژەری ئەو گەڵاڵەیە منم و بڕیار وابوو دوو مانگ لەوەوپێش دەست پێبکەین بەڵام لەسەر داوای عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیس تا ئێستا دەستمان ڕاگرتبوو.











