هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بە “کوردستان وکورد”ی ڕایگەیاند:؛ لە کاتژمێر ٢ی نێوەشەوی ٩ی گەلاوێژ، هێزێکی زۆر لە “یگان ویژە” و هێزە ئەمنیەتییەکان لە نێوشاری سنە مۆڵدراون.
لە درێژەی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە شارەکانی ئێران وکوردستان و شڵەژاویی دۆخی ئێران بە گشتی، هێزە ئەمنییەکان بۆ چاوترساندنی خەڵک و پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ، شاری سنەیان تەنیوەو چەند رۆژێکە لە حاڵەتی ئامادە باشی”دان
بەگوتەی هاووڵاتیانی شاری سنە، چەند رۆژ دەبێ کە هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکان لە بەردەم شوێنە گرینگەکانی شاری سنە وەکوو ،ئوستانداری و چەند شوێنی دیکە مۆڵدراون.
بە ئەمنیەتیتر کردنی دۆخی شاری سنە لە کاتێکدایە کە لە زۆربەی شارەکانی ئێران ناڕەزایەتی خەڵک ، بەردەوامە و دەسەڵات تا ئێستا نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکات.
هەروەها بڕیارە ئەمرۆ چوارشەممە١٠ی گەلاوێژ سەید مەحموود عەلەوەی وەزیری ئیتلاعات سەردانی پارێزگای سنە بکات و بۆ ناساندن و دەسنیشان کردنی بەرپرسی نوێ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، کە دەگوترێ کەسێکی خەڵکی شاری هەمەدانە.
پێویست بە ئاماژەیە گوشارە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر شارەکانی کوردستان وەکوو شوێنیکی هەستیار، بۆ دەسەڵات لە دوای نارەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی رابردوو چڕتر بۆتەوە و هەر بەردەوامە.
لە حەوتووی ڕابردووشدا ناوەندە ئەمنییەکان بە توندی هەڕەشەیان لە چالاکانی مەدەنی وسیاسی شاری بۆکان کردووە، کە نەبنە هاندەر بۆ هاتنە سەرشەقامی خەڵکو، لە ئەگەری هەرچەشنە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و کەمپەین پێکهێنان لە گەڵ سزای توند رووبەروو دەبنەوە.