بەهۆی گەرمبوونی زەوی و وشکەساڵییەوە کە ئاکامی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ڕۆژانە دەبینرێ کە ناوچە جۆراوجۆرەکانیی ئێران بەدەست وشکەساڵییەوە تووشی گرفت بوون، خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ کڕینی موڵک و ماڵ ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.
دروستکردنی نابەجێی بەنداوەکان و پاڕازیتی سەر ماهوارەکان، سووتاندنی دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ بەشێکی کەم لەو سیاسەتانەن کە ئێران بۆ ئەوەی کوردستانیش تووشی وشکەساڵی بکات پەیڕەوی دەکات هەروەها دەسەڵاتی ئێران ئاوی بەنداوەکانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناوچەکانیتری ئێران دەگوازێتەوە و هەتا ئێستەش سکاڵای خەڵک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاکامێکی دڵخوازیی نەبووە.
بەپێی دوایین هەواڵ و بەدواداچوون خەڵکی ناوچە وشکەساڵییەکانیی ئێران دێن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان موڵک و زەوی و ماڵ دەکڕن بەتایبەت لە شارەکانی پیرانشار، شنۆ، بانە، سەردەشت، سەلماس، ورمێ. کڕیاران لەو شارانەی کوردستان شوێنە هەرە خۆش ئاووهەوا و لەبارەکەی دەکڕن و چونکە خەڵکی کوردستانیش بەهۆی سیاسەتە سەرکوتگەرییەکانی دەسەڵاتەوە کە سەرچاوە داراییەکانیی خەڵکی وشک کردووە، کڕیارەکان بەئاسانی هەرکوێیان پێ خۆش بێ، دەیکڕن و پێویستە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاکامی نەرێنی ئەم مامەڵانە وشیار و ئاگەدار بن.