لێکۆڵەرو مامۆستایەکی زانکۆ، هێڵی هەژاریی ڕەها بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسیی شارنشین لە ساڵی 96ی هەتاویدا، نزیکەی چوار میلیۆن تمەن دیاری کردو وتی: بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کردوومانە، لە ساڵی ڕابردوودا، سەتا ٣٣ی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریی ڕەهادان.
“حوسین ڕاغفەر” لە وتووێژێک لەگەڵ “ئیسنا”دا، لە پێوەندی لەگەڵ هێڵی هەژاریو ئاستی توانای ژیانی خەڵکی لە ئێران وتی: پێی ئەو لێکۆڵینەوەکانمان دەرکەوتووە کە هێڵی هەژاری بە پێی شوینو ناوچەی ژیان لە گۆڕاندایە. ناوبراو وێڕای ئاماژە بەوەی کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی هێڵی هەژاریی ڕەهای بۆ بنەماڵەیەکی ٥ کەسی ٧٠٠ هەزارتمەن دیاری کردووە، وتی: ئەو بڕە پارەیە بۆ بنەماڵەیەکی ٥ کەسی تەنانەت خۆراکیشیان بۆ دابین ناکا، لە ئێستادا ڕێژەی بنەماڵەکان کەم بۆتەوەو گەیشتووتە نێونجی چوار کەس.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە بۆ شیکردنەوەی هێڵی هەژاریی ڕەها پێناسەیەکی تایبەت هەیەو وتی: ئەوەی کە لای ئێمە بە هەژاریی ڕەها ناوزەد دەکرێت دیارە، کە دەبێ سەبەدی بژیوی ئەو بنەماڵەیە لانیکەمی کەرەستەی بژێوی تێدابێ، بە شێوەیەک کە ئەگەر کەسێکی دەستی بەو سەبەدەتە ڕانەگا، سڵامەتیی جەستەیی، دەروونیو لەشساغی بکەوێتە مەترسییەوە، کە ئەو کەرەستانە لە هەموو دنیا پەسند کراونو لە خۆراک، ماڵ، دەوا و دەرمانو، کەرەستەی هاتووچۆ پێکدێ.
شایانی باسە کە بە پێی ڕاپۆڕتە بڵاوکراوەکانی ئەو لێکۆڵەرە، زیاتر لە ٥ میلیۆن کەس بە دەس برسێتییەوە دەناڵێننو، سەتا ٣٣ی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی ڕەهای هەژاریدان.