ناوەندە ئەمنییەکانی رێژیم چەند مانگێکە هاوکات لە گەڵ پادگانی کردنی کەشی ئەمنی کوردستان و، هێنانی چەکوچۆڵی قورس بۆ ناوچە سنوورییەکان، هەرجارەو بە بیانوویەک چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد بانگ دەکەن و، هەڕەشەیان لێدەکەن.
بە پێی تازەترین هەواڵێک کە لە شاری بۆکانەوە، بە دەستمان گەیشتووە، ئیدارەی ئیتلاعات و حەراسەتی سپای پاسدارانی ئەو شارە، نێزیک مانگێکە گوشار وهەڕەشەکانیان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی وسیاسی شاری بۆکان چڕتر کردووتەوە.
لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەکی بۆکانی ڕایگەیاند؛ بە هۆی بەردەوامیی مانگرتنەکان لە ئاستی ئێران و کوردستان کە دەسەڵاتی تووشی شڵەژاویی کردوە، هەربۆیە لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە فشاریان خستووتە سەر چالاکانی مەدەنی وسیاسیی کورد و هەڕەشەیان لێدەکەن کە خەڵک هاننەدەن بۆ مانگرتن و ، خۆپێشاندان و ، کەمپەینی تایبەت بەڕێوە نەبەن.
لەو بارەوە رۆژانە ناوەندە ئەمنییەکان بە پێوەندی گرتن و، بانگ کردنی چالاکانی شاری بۆکان بە توندی هەڕەشەیان لێدەکەن کە لە ئاست رووداوەکانی ئێران و کوردستان بێدەنگ بن و، چالاکییان نەبێ و، ڕاشیانگەیاندوە کە ئەگەر کپ وبێدەنگ نەبن، لێپرسینەوەیان لێدەکرێ و ، رووبەرووی حووکمی قورس دەبنەوە.