بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژی ١٣٩٧، ئەحمەدی پوور پەریزاد (احمد پرانداختە) خەڵکی دێی “چەشمەگۆل” لە ناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد.
مام ئەحمەد، ساڵانێک لە ڕیزی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتدا وەک ئەندام و سەرشانە و هێزی بەرگریی میللی، خزمەتی کرد. کاتێکیش ناوچەی شنۆ وەک زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان لە لایەن هیزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەستی بە سەرداگیرا، وەک دڵسۆزێکی حیزبی دیموکرات و وەک مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر، هاوکار و خەمخۆری کادر و پێشمەرگەکانی حیزب مایەوە. ئەحمەدی پوورپەریزاد نموونەی کوردێکی زەحمەتکێش، حیزبدۆست و خەڵکدۆست بوو. بە هەواڵی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و حیزبی دیموکرات دەگەشایەوە و لە گەڵ هەر کارەسات و ڕووداوێکی ناخۆش بۆ بزووتنەوەی نەتەوەی کورد و حیزبی دیموکرات، ماتەم دایدەگرت. مام ئەحمەد جێگای ڕێز و خۆشەویستی خەڵک بوو.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەحمەدی پوور پەریزاد، سەرەخۆشی لە کەسوکار و خەڵکی چەشمەگۆل و ناوچەی شنۆ دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ. یادی بەڕێز.