شەوی یەکشەممە ٧ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، مام عەبدولباقی ئاگوشی کەسایەتی ناسراو و نیشتیمانپەروەر و خۆشناوی ناوچەکانی سندووسی نەغەدە و یەکێک لە کۆنترین ئەندامەکانی حیزبی دێموکرات لەو ناوچەیە، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
مام عەبدولباقی ئاگوشی ساڵی ١٣١١ی هەتاوی لە گوندی ئاڵبڵاغی ناوچەی مهاباد لەدایک بوو. پاشان بە بنەماڵەوە لەو گوندە بار دەکەن و لە ئاوایی “خەلیفەلیان”ی ناوچەی نەغەدە نیشتەجێ دەبن. ناوبراو ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لە رێگای مامۆستا مەلا برایم مەجیدپوورەوە دەگەڵ مامۆستا مەلا سەعیدی کامەمی ئاشنا دەبێ و لەسەر دەستی مامۆستا مەلا سەعید شەرەفی ئەندامەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەردەگرێت و پاشان وێڕای مەحموودئاغای عەزیزی و حامیدئاغای کەریمی لە شانەیەکی سێ کەسیدا سازمان دەدرێن و دەبێتە یەکێک لە هەڵسوڕاوانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی سندووسی نەغەدە. لە راپەڕینی چەکدارانەی ساڵانی ٤٦ – ٤٧ی هەتاویدا یەکێک لەو ئەندامانەی حیزبی دێموکرات دەبێ کە هاوکارییەکی یەکجار زۆری هێزی پێشمەرگە دەکات و دەورێکی بەرچاوی لەو راپەڕینەدا دەبێ.. بەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیدا، لە لایان کومیتەی شارستانی نەغەدەوە بە ئەندامی کومیتەی خەلیفەلیان هەڵدەبژێردرێ و قۆناغێکی دیکەی ژیانی حیزبایەتی دەست پێ دەکات و ماڵەکەی دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی بەرپرسانی حیزبی لەو ناوچەیە و وەک بنکەیەکی هێزی پێشمەرگەی لێ دێت. مام عەبدولباقی ئاگوشی تا دواهەناسەکانی ژیانی وەفادار بە حیزبەکەی مایەوە و بە دەیان جار کەوتە ژێر فشار و لێکۆڵینەوەی ساواک و ئیتلاعاتی ئێران و سەدان نهێنی ئەو حیزبەی لەو ناوچەیە پاراست و ساتێ لە خەبات و تێکۆشان نەوەستا.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەمەگناسییەوە دەڕوانێتە تێکۆشەران و خەمخۆرانی خۆی و، بەم بۆنەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی ئاگوشی دەکاو هیوای سڵامەتییان بۆ دەخوازێ.