هەواڵنێری “کوردستان وکورد” لە شاری تاران ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ٨ی گەلاوێژ لە درێژەی مانگرتنی دوکانداران و بازاڕییانی ناڕازی شاری تاران، هێزە ئەمنی و ئنتیزامییەکان بە هەڕەشەو، بە گوشار، بەشێک لە دوکاندارانیان ناچار کردووە دوکانەکانیان بکەنەوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە ئەمڕۆ دووشەممەی ٨ی گەلاوێژ بەشێک لە کاسبکارانی بازاڕی مەولەوی تاران بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر دۆخی خراپی ئابووری و دابەزینی نرخی دراوی ئێران و گرانی لە ڕابەدەر، دوکان و بازاڕیان داخست. بەڵام کاتژمێر ١٠ی بەیانی هێزە ئنتیزامییەکان هێرش دەکەن و شووشە و دەرگای چەندین دوکانی داخراویان شکاندوە و، گوتوویانە ئەگەر بازاڕ دابخرێ کەلوپەلی دوکانەکان تاڵان دەکەن.
هەروەها ڕایگەیاند؛ چەند کەس کە خەریکی وێنەهەڵگرتن بوون، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە درانە بەرلێدان و مۆبایلەکانیان شکێندراوە.
رۆژی دووشەممە هێزە ئنتیزامییەکان لە چەندین بازاڕی گرینگی تاران، وەکوو بازاری زێڕ و، بازاڕی مەلەوی بڵاوەیان پێکراوەو ڕێگەیان لە بەڕێوەچوونی هەرچەشنە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی گرتووە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن سەرەڕای گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنیەتییەکان، بەڵام خەڵکی ناڕازی لە گەندەڵیی ماڵی و گرانی، لە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین بەردەوامن و ، رۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژی ٩٧ی هەتاوی مانگرتنی کامیونداران و کاسبکارانی چەندین شاری ئێران پێینایە ٨مین رۆژی خۆیەوە.
هەروەها حشمەتوڵڵا تەبەرزەدی چالاکی سیاسی و ڕەخنەگری نیزام، لە پەیامێکدا داوای لە چین وتوێژەکانی کۆمەڵگای ئێران کردووەو کە پەیوەست ببن بە مانگرتنی سەرانسەری کامیونداران و، تا چارەسەری گرفتە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێران درێژە بە مانگرتن بدەن.