بە پێی هەواڵی سەرچاوەخۆجێیەکان رۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژ بازاڕی زێڕی تاران و چەند بازاڕی دیکەی ئەوشارە بە هۆی مانگرتنی دوکانداران و دابەزینی نرخی ریاڵ ، بۆ کۆنترۆل کردنی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکی بەربەرین لە لایەن هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکانەوە میلیتاریزە کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بە هۆی دۆخی خراپی ئابووری و گرانی، رۆژ نیە لە شارەکانی ئێران و کوردستان مانگرتن بەڕێوە نەچێت. بەڵام لەم رۆژانە هەڵکشانی نرخی دۆلار گرفتێکی گەورەی خستتوتە بەردەم دەسەڵات و، ژیان و حاڵی خەڵکی ئێرانی تێکداوە.
بەرەبەیانیی دووشەممە ٨ی گەلاوێژ سەرلەنوێ لە چەند شاری ئێران مانگرتنەکان درێژەی هەبوو ، بەتایبەتی بەشێکی زۆر لە دۆکان و پاساژەکانی بازاڕی تاران داخراو، ترسی رێژیم لە مانگرتنەکان بۆتە هۆی موڵدانی هێزێکی زۆر لە دەوروبەری بازاڕی تاران.
باری ئابووری ئێران، بەتایبەتی دوای کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام و وەگەڕ خستنەوەی گەمارۆکان، خراپتر بووە.
لە درێژەی کاردانەوەکان بە نیسبەت هەڵکشانی نرخی دۆلار، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران کە تازە هاتووتە سەرکار، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ کە هەڵکشانی مێژوویی نرخی دۆلار پیلانی دوژمنە.
بەڵام هاوکات لەگەڵ بەیاننامەی بانکی ناوەندیی ئێران، دەزگای قەزایی باس لە دەسبەسەر کردنی ٢٩ کەس کە بە تێکدەری ئابووری ناسراون دەکا.
غوڵامحسێن موحسێنی ئێژەیی وتەبێژی دەزگای قەزایی ڕایگەیاند: کە تائێستا ٢٩ کەس کە بە گەندەڵیی ماڵی تاوانبارن دەسبەسەر کراون و، حووکمی دەسبەسەر کردنی کەسانی دیکەش دەرکراوەو بەم زووانە بە تاوانی “مفسد فی ارض” دەسبەسەر دەکرێن.
شیاوی باسە لە یاسای قەزایی ئێرانیش، “مفسدفی ارض” لە زیندانی دوور و درێژ، تا ئێعدام سزا دەدرێ.
بە گوتەی کارناسان هەڕەشەکانی دەزگای قەزایی و بەشێوەی ئەمنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ رەوشی ئێستای وڵات، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کورت، دۆخی ئێران ئارام بکات، بەڵام لە درێژ خایەندا دەتەقێتەوە چۆنکە ئابووری ئێران بەهۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەرەسی هێناوە.