ژمارەیەک لە کرێکارانی شارەداریی سەوڵاوا سەر بە شاری مەریوان بە هۆی دواکەوتنی حەقدەستیان مانیان گرتووە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان لە ڕۆژی ڕابردووەوە، کرێکارانی شارەداریی شاری سەوڵاوا بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان بۆ جارێکی دیکە مانیان گرتوو و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
کرێکارانی شارەداریی شاری سەوڵاوا ماوەی ٩ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەوەش کێشە و گرفتی بۆ ئەو کرێکارانە دروست کردووە لەبەر ئەوەی کە ئەگەر ئەو مووچەیەیان پێنەدرێ ژیانیان بەڕێوە ناچێ.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە کرێکارانی پڕۆژەی “بانتا ئاویەر” لە شاری سنە بە هۆی دواکەوتنی مووچەکەیان و وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی پێوەندیداری ئەو پڕۆژەیە، ئەوانیش بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین مانیان گرت.
کرێکارانی پرۆژەی “بانتا ئاویەر” ماوەی ٦ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و بە قسەی ئەو کرێکارانە هیچ یەکێک لە بەرپرسانی ئەو پڕۆژەیە وڵامدەری داواکارییەکانی ئەوان نین و تا ئێستا کەس لەگەڵیان کۆنەبوونەتەوە و باس لە گیروگرفتەکانیان بکەن.
شیاوی باسە کرێکارانی بەشە جیاجیاکان لە ئێران بە هۆی دۆخی خراپی ئابووریی وڵات ، هەر رۆژە لەشارێک مان دەگرن و رۆژی ڕابردوو کرێکارانی هێڵی ئاسنی خوراسان و چەن شاری دیکە مانیان گرت. چەندین مانگە رۆژ نیە لە ئێران خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە بەڕێوەنەچێ.