دوای دوو مانگ له ڕووداوی هۆتێل تارای مه‌هاباد که شه‌هیدبوونی ئاکام ته‌لاج دوای ٥٣ ڕۆژ برینداربوونی ناوبراوی لێکه‌وته‌وه، ئێستاش چاره‌نووسی ده‌یان که‌س له گیراوه‌کانی ئه‌م ڕووداوه ناڕوونه.
زۆربه‌ی ده‌سبه‌سه‌رکراوانی دوای ئه‌و ڕووداوه ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٧ ی بانه‌مه‌ڕو دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ی به‌رده‌م هۆتێل تارا و ڕۆژه‌کانی دوایه گیراون، ئه‌و کۆبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانه‌ی بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به مه‌رگی فه‌ریناز خوسره‌وانی له مههابادو چه‌ند شارێکی دیکه‌ی کوردستان وهڕێخرابوون.
ئۆمێد دهباغچیی موکریانی یه‌کێک له‌و گیراوانه‌یه که ڕۆژی دوای خۆپیشاندانه‌که‌ی مه‌هاباد گیراو له‌و کاته‌وه چاره‌نووسی ناڕوونه.
به‌پێی ڕاپۆرتی که‌مپینی به‌رگری له زیندانیانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی هێزه‌کانی ئیتلاعات پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی هه‌ینی ١٨ ی بانه‌مه‌ڕ هه‌لیان کوتاوه‌ته سه‌ر ماڵی ئۆمید ده‌باغچی له شه‌قامی مامۆستا هه‌ژارو دوای شکاندنی ده‌رکه‌ی ماڵێ ڕژاونه‌ته نێو ماڵ‌و وێڕای ده‌سبه‌سه‌رکردنی ئۆمید، ده‌ستیان به سه‌ر دوو لهبتابو که‌سی کۆمپیوتێرو مۆبایله‌که‌ی داگرتوه‌و له‌گه‌ڵ خۆیان بردوویانن. هه‌روه‌ها له کاتی گرتنی ناوبراودا بنه‌ماڵه‌که‌شی له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ڕێژیمه‌وه لێیان دراوه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا شیرکۆی برای چه‌ند جار بانگ کراوه‌ته ئیتلاعات‌و لێپرسینه‌وه‌ی لێکراوه.
سه‌رچاوه‌یه‌کی نیزیک له‌و بنه‌ماڵه‌یه ده‌ڵێ تا ئێستاش به ڕوونی بنه بنه‌ماڵه‌ی ئۆمید دهباغچییان نه‌گوتوه که هۆکاری ده‌سبه‌سه‌رکرانی کوڕه‌که‌یان چییه‌و؛ سه‌ره‌ڕای به‌دواداچوونی به‌رده‌وامی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه نه‌ک هه‌ر هۆکاری گرتن‌و شوێنی ڕاگیرانی ئه‌و ئاشکرا نه‌کراوه، به‌ڵکوو ئیداره‌ی ئیتلاعات‌و ناوه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌کانی ڕێژیم حاشاش له گرتنی ناوبراو ده‌که‌ن.
شایانی باسه که بنه‌ماڵه‌ی ئۆمید ده‌باغچی به‌هۆی وه‌ڵامده‌ر نه‌بوونی ئیداره‌ی ئیتلاعات‌و ناوه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌کانی دیکه‌ی ڕێژیم نیگه‌رانی چاره‌نووسی کوڕه‌که‌یان، به‌ڵام جیا له چاوه‌ڕوانی چیدهکهیان له ده‌ست نایه.