ڕۆژی ٤ی گەلاوێژی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ۱۲۰ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی، ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی مەریوان، لە ساڵۆنی وەزارەتی ئیرشادی ئیسلامی لە مەریوان، سمینارێکی لەسەر خەسارناسیی ڕۆژنامەگەریی کوردی، لە ٢ بەشدا بەڕێوەبرد.
بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی هاژە ئەو سمینارە کە لە لایەن هۆگرانی فەرهەنگەوە پێشوازیی لێ کرا، لە ڕاگەیاندنەکاندا دەنگی دایەوە. سەرنووسەر و نووسەری بڵاوکراوە کوردییەکان، شارەزایانی بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی کوردی، لەم سمینارەدا بەشدار بوون و بە پێی وتەی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەن، ئەم بەشداربوونە باشترین پاڵنەرە بۆ ئەوەی ئەمان جارێکیتر قۆڵی لێهەڵماڵن و سمینارێکی باشتر، بە بەشداریی پسپۆڕە کوردەکانی هەموو جیهان بۆ ڕۆژنامەگەری کوردی ڕێبخەن.
بەر لە پانێلی یەکەمی ئەم سمینارە، مێژوویەکی کورت لەسەر ڕۆژنامەگەریی کوردی لە لایەن فاتێح مستەفایی پێشکەش کرا و پاشان پەیامی ئەنجومەن لە لایەن موحەمەد سدیق کەریمییەوە خوێنرایەوە.
سەرلەبەیانیی ٤ی گەلاوێژ، پانێلی یەکەم به بەڕێوەبەریی ئەنوەر ڕەوشەن و گوتاربێژیی فواد حەبیبی، بەتوول مەنسووری و سروور خدری، بە پێشکەش کردنی ئەم بابەتانە: (روزنامەنگاری امروز؛ تبارشناسی روزنامەنگاری کوردی فەیلی؛ مرۆڤ بە میدیای دیجیتاڵەوە بەرەو کوێ؟)، بەڕێوەچوو.
پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، پانێلی دووەم بە گوتاربێژیی جەلال شەفیعی دەستیپێکرد و دواتر بە بەڕێوەبەریی دوکتۆر ئازاد حاجیئاقایی و گوتاربێژیی مەنسوور ڕەحیمی، ئیبراهیم موحەمەدحسێنی و دوکتۆر ئیسماییل مەحموودی، بە پێشکەش کردنی ئەم بابەتانە: (سێ هەڵەی باوی ڕێنووسی ڕۆژنامەی کوردی؛ جایگاه مطبوعات کوردی در حوزە عمومی؛ تبارشناسی تاریخی پیدایش روزنامەنگاری کوردی)، بەڕێوەچوو.
لە درێژەدا و پاش پشوویەک، پانێلی سێیەم بە بەڕێوەبهریی فەرهاد ئەمینپوور و گوتاربێژیی فەرشید موحەمەدی، فەردین مستەفایی و داود غەفاری بە پێشکەش کردنی ئەم بابەتانە: (اقتصاد ناکوک روزنامەنگاری؛ نقش رسانەهای جمعی در گسترش گفتمان حقوق بشر با تاکید بر رسانەهای کوردی؛ خەسارناسیی ڕۆژنامەگەریی کوردیی ناوچەی هەورامان)، بەڕێوەچوو.
لە کۆتاییشدا، سمینارەکە بە پێشکەشکردنی دیاری و ڕێزنامە بە نووسەری وتارەکان و ئاخافتنکاران، کۆتایی پێهات.











