وەکوو ساڵانی پێشوو هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکان ڕێوڕەسمی تایبەت بە ساڵرۆژی کۆچیدوایی ئەحمەد شاملوو نووسەر و شاعیری بەناوبانگی ئێرانیان تێکدا .
رۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی تایبەت بە ١٨مین ساڵیادی کۆچیدوایی ئەحمەد شاملوو لە گۆڕستانی ئیمامزادە تاهیری کەرەج، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ٥کەس لە خەڵکی بەشدار دەسبەسەر کراون.
ناوندە ئەمنییەکان هەموو ساڵێ لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سالرۆژی کۆچیدوایی ئەحمەد شاملوو ڕێگری دەکەن و، ساڵی ڕابردووش رێگاکانی گۆڕستانی ئیمامزادە تاهیریان داخستبوو و، بە گوشارو هەڕەشە بڵاوەیان بەخەڵک کرد و، سێ کەسیان دەسبەسەر کرد.
ئەمساڵیش لە ١٨مین ساڵیادی کۆچیدوایی شاعیرو نووسەرو، جیابیری ناودار، ئەحمەد شاملوو، مەئموورانی ئیتلاعات کۆبوونەوەی خەڵکی بەشدار لەو ڕێوڕەسمەیان تێکداوەو چەن کەسیان دەسبەسەر کردووە.
دوو کەس لە دەسبەسەرکراون ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێرانن.
هەروەها دەگوترێ هیزە ئەمنییەکان ڕێگەیان نە داوە لەو ڕێوڕەسمە کەس فیلم و، وێنە هەڵگرێ.
شیاوی باسە چەند ساڵە هاوکات لە گەڵ ساڵرۆژی کۆچیدوایی ئەحمەد شاملوو، خەڵکی خۆڕسک لە شارەکانی ئێران لە سەر مەزاری ئەو شاعیرە ئامادە دەبن و هەر ئەمەش بۆتە هۆی نیگەرانی ناوەندە ئەمنییەکان.
ئەحمەد شاملوو، شاعیر، نووسەر و رۆژنامەنووس و جیابیری ئێرانی، لە ساڵی ١٣٠٤ لە تاران لە دایکبوو، رۆژی دووی گەلاوێژی ١٣٧٩هەتای دوای ماوەیەک نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ئەوشاعیرە ناودارە، جیا لەوەی کە لە شێوە شێعری فارسی ناسراو بە شێعری “سپی” داهێنەر بووە، بە هۆی هەڵوێستەکانی بەرانبەر بە سیستەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی بە قەڵەمبەدەستێکی دەروەست و گەلدۆست ناسراوە.
شاملوو لە دەیەی ٢٠ هەتاوی دەستی دایە چالاکیی سیاسی و، چەندجاریش خراوەتە زیندانەوە.