جێگری وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەڕەشە لەحیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانەکانی بەلووچستانو کوردستانی ئێران دەکا.
“حوسێن زوولفەقاری”، جێگری وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێریی “تەسنیم” سەر بە سپای پاسداران، وێڕای باسکردن لە چالاکییەکانی حیزنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانو بەلووچستان و بە گرووپی تیرۆریستی ناوزەدی کردنو وتی: سەرچاوەی ئەم گرووپانە لە خاکی چەند وڵاتێکی دراوسێی ئێراندایەو ئێمە بەرپرسانی ئەو وڵاتانەمان ئاگادار کردۆتەوە کە خۆیان لەگەڵ ئەم گرووپە تیرۆریستییانە یەکلایی بکەنەوەو لە وڵاتەکانیان وەرەدیان بنێن و ئەگەر ئەو کارە نەکەن ئێمە ناچارین بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی وڵاتەکەمان بنکەو بارەگای ئەو هێزانە لەسەر سنوورەکان تۆپباران بکەین.
لەلایەکی دیکەشەوە “رەمەزان شەریف” وتەبێژو بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران، لەدوای تێکهەڵچوونەکانی هەفتەی ڕابردووی شاری مەریوان لە نێوان هێزەکانی سپای پاسدارانو هێزەکانی “پەژاک” و کوژرانی ١١ کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران، وێرای هەڕەشە لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان وتی: ئەو ڕێکخراو و ناوەندی هەواڵگرییانەی کە هاوکاری ئەو حیزبانە دەکەن ئاگادار دەکەینەوە کە واز لەو کارانەیان بێنن چوونکە تۆڵەی ئەو یازدەکەسە لە سەروو بەرنامەکانی داهاتووماندایە.
هەموو جار ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کێشەکان بە دوژمنی دەرەکیو بێگانەکان دەلکێنی و ناتوانی قبووڵی ئەو ڕاستییە بکا کە سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانە سیاسەتەکانی خۆیەتی.
شایانی باسە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا چەندین شەڕو تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانی قەرارگای هەمزەو هێزەکانی حیزبە کوردییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویانداوە و سەرەڕای تەواوی ئەو هەڕەشانەی کە ئەو قەرارگایە دەیکا، چالاکییە نیزامی و سیاسییەکانی ئەو حیزبانە لە قووڵایی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەر بەردەوامە.