لە ٢٩هەمین ساڵوەگەڕی تیرۆری دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانیدا، رۆژی شەممە ٢٩ی پووشپەڕ، کومیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کورستان سمێنارێکی بۆ بەڕێز کاک خالید عەزیزی ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا. لەو سمینارە سیاسییەدا، کۆمەڵێکی بەرچاو لە نوێنەرانی هێز و لایەنە کوردستانییەکان و کەسایەتییە ئەدەبی و هونەری و کۆمەڵایەتی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئامادە بوون. سەرەتای سمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و عەبدوڵڵا قادری ئازەر ئەندامی رێبەریی حیزب و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی نەتەوەکەمان دەستی پێ کرد. پاشان بەڕێز کاک خالید عەزیزی باسێکی بەپێزی سەبارەت بە پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و روانگە و بۆچوونەکانی دکتور قاسملوو و کاریگەری تیرۆری دکتور قاسملوو لەسەر بزووتنەوەی کورد بە گشتی و کوردستانی ئێران بە تایبەتی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە کەمتەرخەمی وڵاتی ئوتریش سەبارەت بەو کەیسە و هەوڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ وەگەڕخستنەوەی ئەو کەیسە کرد. دوای پشوویەکی کورت، بەشی کۆتایی ئەو سمینارە بۆ راو و سەرەنج و پرسیاری بەشدارانی تەرخان کرابوو کە لە لایان بەڕێزان کاک خالید عەزیزی و کاک عومەر باڵەکی ئەندامانی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسیارەکان وەڵام درانەوە.