هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە گوایە ڕامینحسێنپەناهی بەندکراوی مەحکووم ئێعدام، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی لە زیندانی سنەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج گواستراوەتەوە.
چالاکانی مەدەنی دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، نیگەرانی خۆیانیان لە ئەگەری جێبەجێ بوونی سزای ئێعدام دەربڕی و، پێشتریش حسێن ئەحمەدینیاز پارێزەری ئەو بەندییە سیاسییە گوتبووی : دۆسییەی ڕامین حسێن پەناهی لە دوایین قوناغی خۆی دایەو، ئەگەری زۆرە لەمرۆژانە ئێعدام بکرێ.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە رۆژی هەێنی ٢٩ی پووشپەڕ ڕامێن حسێنپەناهی لە بەندیخانەی سنەوە بۆ زیندانی ڕەجاییشار کە زۆربەی ئێعدامەکان لەوێ بەڕێوە دەچێ، گواستراوەتەوە بەڵام یەکێک لە براکانی ڕامین حسێن پەناهی بە”کوردستان وکورد”ی ڕاگەیاند کە هێشتا براکەیان لە زیندانی سنەیەو، لە دۆخیكی خراپ بەسەردەبا و بە هۆی چڵککردنی گورچیلەکانی تەندروستی ناجێگیرە.
ئەمجەد حسێن پەناهی برای بەندیی سیاسی مەحکووم بە ئێعدام، رایگەیاند، کە ڕامین حسێن پەناهی و ئەفشین حسێن پەناهی لە زیندانی سنە لە لایەن بەرپرسانی ئەو بەندیخانەوە گوشاری زۆریان لەسەرەو، ئێستاش لە بەندی زیندانیانی تۆندڕەو سەلەفی ڕاگیراون و، چەند جاریش لە لایەن بەڕێوەبەرانی حیفازەتی زیندانەوە، هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە.
بنەماڵەی حسێنپەناهی دەڵێن : ئاگادارین دەیانهەوێ بە بێدەنگی کوڕەکەیان ئێعدام بکەن و، تەنانەت پارێزەرەکەشی ئاگادار نەکەنەوە.
شیاوی باسە ماوەی چەند مانگە چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە نێوخۆی وڵات و، دەرەوەی وڵات، هەموو هەوڵی خۆیانیان وەگەڕ خستووە بۆ ئەوەی پێش لە سزای ئێعدام بگرن و، ئەو چالاکییانە هێشتا بەردەوامە.
جێیئاماژەیە زیاتر لە ٨٠٠٠ هاووڵاتی بە واژۆ کردنی تۆمارێک داوایان لە سەرجەم خەڵکی ئێران و کوردستان کردوە کە پەیوەستببن بە ناڕازییانی سزای ئێعدامی بەندییە سیاسییەکان لە ئێران.