پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٢ی جولای ٢٠١٨ کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەر ٢٩هەمین ساڵەوەگەڕی ڕیبەری زانای گەلەکەمان دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێ عەبدووڵا قادری ئازەر، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم باڵوێزخانەی وڵاتی ئوتریش لە دانمارک رێکخست. سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و بەخێرهاتنی بەشداربووان لە لایەن بەڕیوبەری بەرنامە دەستی پێکرد و پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزب لە لایەن هاوڕێ خالیدی رەواندووست پێشکەش بە ئامادەبوان کرا. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا نامەی ئامادەکراوی کۆمیتەی بەڕێوبەری دەرەوەی وڵات بە زمانی ئینگلیسی کە بە مەبەستی هەنگاونان بۆ کردنەوەی دۆسیەی پەردەپۆشکراوی جنایەتی ٢٢ی پووشپەر ئامادەکرابوو، بۆ ئەوەی ئاراستەی نوێنەرایەتی وڵاتی ئوتریش بکرێ لە لایەن هاوڕێ حوسێن مەحمودی،ەوە خوێندرایەوە و هەمان نامەش بە زمانی کوردی بۆ بەردەنگی کورد لە لایەن خاتوو سروە فەتاحییەوە خوێندراوە، کە تێیدا داوا لە وڵاتی ئوتریش کرابوو کە خاڵی رەشی پەردەپۆش کردنی دۆسیەی قاسملووی ناودار لە ناوچاوانی دێموکراسی غەربی و دەزگای قەزایی وڵاتەکەیان بشۆنەوە و عەداڵەت لە شوێنی خۆی جێگیر بکەن. لە بەشی کۆتاییدا، پەیامی کۆمیتەی دانمارکی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە لایەن خاتوو سەحەر بەرکەندەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و دوابرگەی کۆبوونەوەکەش سروودی ئەی شەهیدان و زمزمەی دەنگی قاسملو ڕێگات درێژەی هەیەی ئامادەبوان بوو.