سەرەڕای بانگەشەی سەرۆککۆمارەکانی ئێران لە کاتی هەڵبژاردن بۆ پرسی نەتەوەکانی نێو ئێران و، بەتایبەتی پرسی گرینگی زمانی دایک، وەزارەتی فێرکردن و پەروەردەی ئێران لە چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە ڕێگری دەکا.
لە تازەترین هەڵوێستی بەرپرسانی ئەو وەزارەتە سەید محەممەد بەتحایی وەزیری پەروەردەی ئێران رۆژی ٢٣ی پووشپەڕ ی ٩٧ی هەتاوی لە سەفەرێکدا بۆ پارێزگای ئیسفەهان وێڕای ڕەخنەگرتن لەوە کە گوایە لە هێندێک لە قوتابخانەکانی ئێران مامۆستایان بە زمانی دایک، وانە دەڵێنەوە لەو بارەوە گوتی: لە هێندێک لە ناوچەکان بینراوە کە مامۆستاکان بە زمانی دایک، قوتابییەکان پەروەردە دەکەن کە ئەوە کارێکی یەکجار مەترسیدارە، چونکە مناڵەکان لەگەڵ بنەماڵەی خۆیان فێری زمانی دایک دەبنو، پێویست ناکا لە قوتابخانەش هەر بە زمانی دایکییان وانە بخویننو دەشێ زمانی فەرمیی وڵات فێرببن.
قسەکانی وەزیری پەروەردە بە پێچەوانەی بۆچوونی زانستی لەو بارەوە، بەڵکوو ڕاهێنان و پەروەردە کردنی منداڵ بە زمانی دایک، خاڵێکی گرینگە لە بوواری فێرکردن وپەروەردە و، قوتابخانە وەک ماڵی دوویەم بۆ منداڵ دێتە ئەژمار.
ئەو قسانەی وەزیری پەروەردە لە کاتێکدایە کە لە ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا هاتووە کە هەرتاکێکی ئێرانی دەتوانی لە قوتابخانەکانو ناوەندەفێرکارییە حکوومییەکان بە زمانی دایک بخوێنی، بەڵام دوای تێپەڕبوونی پتر لە سێ دەیە لە پەسندکردنی ئەم یاسایە تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوەو رێگری سەرەکیی لەوبارەوە ، وەزارەتی “ئامووزش وپەروەرش”ی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.