لە یادی ٢٩ ساڵەی شەهیدکرانی دکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێیانیدا و بە مەبەستی شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامیی و وەگەڕخستنەوەی ئەو کەیسە لە لایان وڵاتی ئوتریشەوە، پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هەڵگرتنی وێنەی شەهیدان دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو و کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر و کۆمەڵێک پۆستر و پلاکارد و دروشمی جۆراوجۆر، خۆپێشاندانێکی هێمنانەیان لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئوتریش لە ئۆسڵۆی پایتەختی نۆڕوێژ وەڕێ خست. خۆپێشانەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد. پاشان لە لایان هاوڕێ کامران عەبدوڵڵاهی ئەندامی کومیتەی نۆڕوێژ و بەڕێوەبەری ئەو رێوڕەسمە، وتەیەک پێشکەش کرا و بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرا و ئاماژە بە مەبەست و ریزی بەرنامەکانی ئەو خۆپێشاندانە کرا. پەیامی کومیتەی وڵات بەم بۆنەوە بە زمانی کوردی لە لایان هاوڕێ کەریم ئەڵڵاوەیسی بەرپرسی پەیوەندییە نۆڕوێژییەکان و بە زمانی نۆڕوێژی لە لایان هاوڕێ بەفرین رۆستەمی بەرپرسی کومیتە ناوچەی ئۆسڵۆ ئاکشهوس هاتە پێشکەشکردن کە لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو: “کردنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی دوکتور قاسملوو خزمه‌تێکی گه‌وره ده‌بێ بۆ هه‌مو گه‌لانی ئێران، ئازادیخوازان به گشتی و نه‌ته‌وه‌ی کوردی زوڵملێکراو به تایبهتی۰ دڵنیاتان ده‌که‌ین که ئه‌و کاره له له لاوازکردن و نه‌هێشتنی تیڕۆڕیزم، به تایبه‌ت تیڕۆڕیزمی ده‌وڵه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا کاریگه‌ریی زۆری دهبێ۰ گه‌لانی ئێران به حکومه‌تی ئاخوندان ڕازی نین۰چه‌ند ساڵه له زووربه‌ی شاره‌کانی ئێران‌دا به کوردستانیشه‌وه ناڕەزایەتییەکان درێژه‌یان هه‌یه‌۰ بۆ وڵاتی ئێوه دۆستایه‌تیکردن له‌گه‌ڵ که‌لی کورد و گه‌لانی دیکه‌ی ئێران هه‌م شانازی زۆرتره و هه‌م داهاتووی ڕوناکتره، به‌تایبه‌ت که ڕژیمی ئیسلامی هه‌م له ڕاده به‌ده‌ر جینایه‌تکاره و هه‌م داهاتویه‌کی ڕوونی نییه‌۰ دوکتورقاسملوو به خاتری خزمه‌ته گه‌وره‌کانی به مرۆڤایه‌تی و به نه‌ته‌وه‌ی کورد، جێگایه‌کی گه‌وره‌ی له نێو گه‌لی خۆیدا هه‌یه و قه‌ت له‌بیر ناچێته‌وه‌۰ ئێستاش له خۆپیشاندانه‌کاندا دروشمی قاسملوو، قاسملو ڕێگات درێژه‌ی هه‌یه، ده‌نگ ده‌داته‌وه‌۰ له کۆتاییدا تکاو داوامان ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌تی ئێوه‌ش په‌روه‌نده‌ی تیڕۆڕی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بکاته‌وه‌و له دادگایه‌کی ئاشکرا و عادڵانه‌دا، تاوانباران بناسێنێ تا چه‌پکه گوڵی ڕێز و پێزانینی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد و ئازادیخوازانی ئێران و جیهانتان پێ بگا”
پاشان وێڕای گوتنەوەی چەندین دروشمی شۆڕشگێڕی و داوای وەگەرخستنەوەی کەیسی ئەو کارەساتە، نامەی ئامادەکراوی کومیتەی وڵات بە زمانی ئینگلیزی لە لایان هاوڕێیان ئاریا ئەفشار بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی کومیتەی نۆڕوێژ و هاوڕێ بەفرین رۆستەمی وهاوڕێ ئاکام پوورخزرییەوە رادەستی باڵیۆزخانەی وڵاتی ئوتریش کرا. بەدوای رادەستکردنی نامە و داواکاری خۆپێشاندەران، هاوڕێ حەسەن غەمبار بەرپرسی گشتی کومیتەی نۆڕوێژ سوپاسی بەشداری چالاکانەی ئامادەبووانی کرد و چەند تێبینی و ئاگاداریی تایبەت بە ئەرک و چالاکییەکانی داهاتووی کومیتەی وڵاتی خستە روو. شایانی باسە، دوای یەک کاتژمێر، خۆپێشاندانەکە بە سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی پێ هات.