بە بۆنەی ٢٩ ساڵەی تێرۆری رێبەری ناوداری خەڵکی کوردستان و، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەهید دوکتور قاسملوو بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی، رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی ، تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بناری چیای سەرکەشی هەڵگوورد رێورەسمێکی پیشمەرگانەیان بەرێوە برد.
ئەم رێورەسمە کە بە رێژەیەکی پێشمەرگانە و ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهید دوکتور قاسملوو و، سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادیی کوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب دەستی پێکرد، کاک برایم چوکەڵی، ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکرات باسێکی لە سەر کەسایەتیی سیاسیی شەهید دوکتور قاسملوو پێشکەش کرد.
کاک برایم لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە ئامانجی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تێرۆری سکرتێری حیزبی دێموکرات کرد و، وتی؛ بە شەهید بوونی قاسملوو نە خەباتی خەڵکی کوردستان و حیزبی قاسملوو وەستا، نە کۆماری ئیسلامی بە ئاواتی گەیشت، چونکە کۆماری ئیسلامی خەونی یەکجاری نابوودیی حیزبی قاسملووی بینیبوو، بەڵام خەون و ئاواتەکانی بوونە بڵقی سەر ئاو، خەڵكی قارەمانی کوردستان و قوتابییەکانی قاسملووی شەهید لە خەبات نەوەستان و، هەر بە رێبازی ئەودا دەڕۆن.
لە درێژەی قسەکانی دا چووکەڵی باسی لە رێبازی شەهید دوکتور قاسملوو کرد و پێداگری لە سەر درێژەدانی خەڵکی کوردستان و رۆڵەکانی ئەم میللەتە لە سەر رێبازی قاسملوو کردەوە وتی؛ کە خەڵکی کوردستان و تیکۆشەرانی دێموکرات بۆ وەدیهێنانی ئامانجە و رێبازە پیرۆزەکەی شەهید قاسملوو دەست کە خەبات و تێکۆشان هەڵناگرن.
لە پێوەندی لە گەل تایبەتمەندییەکانی شەهید دوکتور قاسملودا وەک رێبەری بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان، کاک برایم چووکەڵی، ئەندامی رێبەریی حیزب وتی، تایبەتمەندی رێبەری کارامە لەوەدایە کە لەکاتی تەنگانەدا، مێتۆدو میکانیزمی دەربازبوون لە تەنگو چەڵەمەکان بخاتە ڕوو. کاتێک بزووتنەوە یان میکانیزمی دیپلۆماسیو تەنانەت بزووتنەوەی چەکداری کارایی ئەوتۆی ناببێنێ یان لەکزی دەدات، ئەوە سەرکردەی لێزان و کاریزمایە کە دەبێ روحییەی خۆی بپارێزێتو ورە بە هاوسەنگەرەکانی ببەخشێ. ئەو هاوسەنگەرانەی لە رەوتێکی دێموکراتیکدا بڕیاریانداوە ئەو سەرکردەیە سەرکردایەتیان بکات. دوکتور قاسملوو لە گۆڕینی میکانیزم لە دۆخە جیاوازەکاندا کەسێکی کارامە و لێهاتوو بوو. هەمیشە ئەو کردەوەیەی سەرکردەیەک دەبێ لەکاتی پێویستدا بیکات، ئەگەر تەنانەت گیانیشی لەپێناویدا فیدا بکردایە جێبەجێی دەکرد.
چووکەڵی لە دوایین بەشی قسەکانی دا لەم رێورەسمەدا وتی؛ ئێستا کە ئەمڕۆ رۆژی شەهید بوونی دوکتور قاسملوویە، لەراستیدا رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو رێبەرە مەزنەی لێ ئەستاندین کە لە کردەویەکی تێرۆریستیدا لە گەڵ هاوڕێیانیدا شەهیدیان کرد، بەڵام رێبازی قاسملوو، ئامانجەکانی قاسملوو، هەر لە مەیدان دایە، حیزبی قاسملوو و نەتەوەی قاسملوو هەر زیندوون، هەر بە رێگای قاسملوودا بەرەو ئامانجە پیرۆزەکانی قاسملوو هەنگاو دەنێن.
کۆمەلێک سروود و هۆنراوەی شۆرشگێڕانە کە لە لایەن پێشمەرگەکانی حیزبەوە پێشکەش کران. هەوێنی هەرچی زیاتر ڕازاندنەوەی رێوڕەسمەکە بوون.