عەباس ئەمیرئینتیزام کە نازناوی کۆنترین زیندانیی سیاسی لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیی درابوویە، لەتەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
عەباس ئەمیرئینتیزام وتەبێژی دەوڵەتی کاتیی مهەندیس مێهدیی بازرگان و ئەندامی بەرەی میللیی ئێران بوو. ناوبراو دوای داگیرکرانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران لە ساڵی 1358 دەسبەسەر و تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا و هاوکاریکردنی ئەم وڵاتەی درایە پاڵ و سەرەتا سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا و دوای هەوڵدانێکی زۆری مهەندیس بازرگان، حوکمەکەی بۆ زیندانی تاهەتایی کەم کرایەوە.
تەرمی عەباس ئەمیرئینتیزام ئەمڕۆ هەینی، 22ی پووشپەڕ لە بەهێشت زارای تاران بەخاک سپێردرا.
عەباس ئەمیرئینتیزام تا کۆتایی تەمەنی نەچووە ژێر تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا و بەردەوام داوای گەراندنەوەی حەیسییەتی دەکرد. ئەو بەردەوام داوای لە دەزگای قەزایی دەکرد لە دادگایەکی ئاشکرا و دادپەروەرانە و بێلایەندا دادگایی بکا هەتا تاوانباربوون یان بێتاوانیی ئەو بۆ هەمووان ئاشکرا ببێ، بەڵام دەزگای قەزایی قەت نەچووە ژێرباری ئەم داوایە و لەو کاتانەدا لێی دەویست کە داوای لێبوردن یان ئازادیی بەمەرج بکا، داوایەک کە قەت لەلایەن ئەمیرئینتیزامەوە نەکرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەو تێکۆشەرە کە زیاتر لە 30 ساڵ لە تەمەنی لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بردە سەرێ و دوایەش هەتا دواساتەکانی تەمەنی لە ماڵەوەدا بەندکرابوو، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و هەموو ئازادیخوازانی ئێران دەکا.