پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە رۆژی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕ ٩٧ی هەتاوی دایکی یەکێک لە شەهیدانی سەرفەرازی حیزبی دێموکرات بە ناوی زارا ساڵحی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە زارا لە بنەماڵەیەک کە تێکڕای کچ و کوڕەکانی بە بیری دێموکرات ویستی بارهێنابوو، دوای تەمەنێک خەمخۆریی و خزمەت بە فیداکارانی دێموکرات، ماڵاوایی یەکجاری لە ژیان کرد.
دایە زارا دایکی پێشمەرگەی فیداکاری سەردەمی بەگژداچوونەوە ڕێژیمی شا، محەممەد سدێق بوو، کە دوای دەرگیری لەگەڵ ساواک لە شاری بانەو شەهیدبوونی ئەندامی کۆمیتە ناوەندیی حیزب مەلا قادر وێردی هاوڕێی، بە برینداری دەستگیر کراو شەش مانگ دواتر بە دوای ئەشکەنجە و ئازاردانێکی زۆر و خوڕاگری ئازایانەی لە بەرانبەر داواکانیدا، لە گەڵ عەزیز مستەفازادە لە شاری سنە ئیعدام کرا و چووە ریزی شەهیدانی سەرفەرازی کوردستانەوە.
باجی زارا کە ئەودەم بۆخۆیو بنەماڵەکەی لە دەربەدەریو، لە باشووری کوردستان دەژیا، نەتەنیا شەهید بوونی محەممەد سدیق چۆکی پێدانەدا بەڵکوو شایی بە خۆی بوو کە کاک مەحموود کوڕەکەی دیکەی بوو بە پێشمەرگەو ڕێبازی برا شەهیدەکەیان ون نەکردووە.
بنەماڵەی دایە زارا لە تەواوی ساڵانی تەمەنی شۆڕشگێڕییاندا مەکۆی ڕێبوارانی ڕێگەی ڕزگاریو خۆشەویستی حیزبی دێموکڕات بوو و دۆعای هەمیشەیی ئەو بۆ ڕزگاری کوردستانو سەرکەتنی پێشمەرگە بوو.
بە داخەوە ئەجەل مەودای نەدا ڕۆژە خۆشەکانی سەرکەوتنی گەلەکەی ببینێو، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە وڵاتی سۆئێد ماڵئاوایی لە هەموو لایەک کرد.
بەم بۆنەوە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەیان دەکا و، هیوای لەشساغییان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.











