کارەساتەکەی شەوی ڕابردوو ١٩ی پووشپەڕ، لە بلوورای حسێنی شاری سنە کە بە هۆی پێکدادانی تانکێری نەوتگهەڵگر و ئوتۆبوسێک دەیان بنەماڵەی لە چرکەساتێک تازیەبار کرد ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
ئەگەرچی دەنگ وڕەنگی پارێزگای سنە لە هەمان شەو بە خۆ دزینەوە لە وەشان کردنی ئەو کارەساتە، خەریکی نواندنی شانۆی تەوساویی بوو، بەڵام کاربەران و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە وردی رووداوی سووتان و گیان لەدەستدانی دەیان هاووڵاتییان ڕووماڵکرد.
شەوی ١٩ی پووشپەڕ دوای ئەوەی خەڵکی تووڕە لە ناستانداربوونی ڕێگەوبانەکان و هەروەها هاتوچۆی لە ڕابەدەری تانکێرە نەوتهەڵگرەکان، کە دەگوترێ بەشێک لە مافیای ئابووریی سپای پاسدارانن، بۆ بە هۆی گرژی و ئاڵۆزی نێوان خەڵک و هێزە ئینتزامییەکان و، خەڵکی تووڕە ماشینی هیزە ئینتزامییەکانیان وەرگەڕاندەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ پووشپەڕ لە لایەن بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنیی کورد کەمپەینی “نا” بۆ تانکێری مەرگ، سەرلەنوێ ڕاگەیاندراو بڕیارە ئەو کەمپەینە درێژە بە کارەکانی خۆی کە نیزیک بە دووساڵ لەمەوپێش لە شاری مەریوان و بە دژی ناستاندار بوونی رێگەوبانەکانی کوردستان و هاتووچۆی لەڕابەدەر و، زیانباری تانکێرە نەوتهەڵگرەکان دامەزرا، بدات.
شیاوی باسە هاتووچۆی تانکێرەنەوتەهەڵگرەکان بێجگە زیانگەیاندن بە ژینگەی کوردستان ساڵانە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان هاووڵاتی .
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕ کاتژمێر ٦ئێوارە تا ٧، خەڵکی شاری سنە بەدژی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیدار بەو کارەساتە، لە دەور مەیدانی ئیقباڵ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەببەن.