به داخه‌وه شه‌وی سێشه‌ممه له سه‌ر چوارشه‌ممه، 19ی پووشپه‌ڕ له ئاکامی خۆپێدادانی تانکێرێکی نه‌وتکێش به ئوتووبووسێکی نه‌فه‌رهه‌ڵگر له به‌رده‌م تێرمیناڵی گه‌وره‌ی شاری سنه‌دا، هه‌م بارهه‌ڵگره نهوتهکێشهکه و هه‌م ئوتووبووسهکه ئاوریان گرت و ئه‌وه‌ش بووه هۆی گیانله‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له خه‌ڵک و موسافیره‌کانی نێو ئوتوبووسه‌که. دیاره ئه‌گه‌رچی تا ئێستا ئاماره ڕه‌سمییه‌کان باس له کوژران و برینداربوونی 18 که‌س ده‌که‌ن، به‌ڵام به‌پێی قسه‌ی شایه‌تحاڵه‌کانی ڕووداوه‌که و به‌هۆی گه‌وره‌یی کاره‌ساته‌که ده‌بێ ژماره‌ی قوربانییانی ئه‌م ڕووداوه له‌وه‌نده زیاتریش بن.
ئه‌مه یه‌که‌مجار نییه ڕووداوی دڵته‌زێنی له‌و چه‌شنه له ڕێگاوبانه‌کانی کوردستان، به‌تایبه‌ت له ڕێگه‌ی هاتوچۆی نه‌وتکێشه‌کان له هه‌رێمی کوردستانه‌وه بۆ ئێران ڕوو ده‌دا، که هۆکاره سه‌ره‌کییه‌که‌شی بۆ په‌ره‌نه‌سه‌ندنی کوردستان به‌تایبه‌ت پشتگوێخستنی ڕێگاوبانه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه؛ به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایه‌تیی به‌رده‌وامی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی کوردستان، له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ڕێژیمه‌وه هیچ ئاوڕێک له‌و گرفته گه‌وره‌یه نه‌دراوه‌ته‌وه.
چهندپاتهبوونهوهی ئه‌م ڕووداوه دڵته‌زێنانه له کوردستان ئه‌گه‌ر له ته‌نیشت چه‌ند کاره‌ساتێکی دیکه‌ی وه‌ک ئاگرگرتنی دارستان و لێره‌واره‌کان و تێکدانی ژینگه‌ی کوردستانیان دابنێین، پێمان ده‌ڵێن که ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران چه‌نده به چاوی نابه‌رپرسانه و دوژمنکارنه له کوردستان، خه‌ڵکی کورد و ژینگه‌ی کوردستان ده‌ڕوانێ. ئێمه وێڕای شهرمهزارکردنهوهی سیاسه‌ت و ڕه‌فتاری نابه‌رپرسانه‌ی کۆماری ئیسلامی ده‌رحه‌ق به خه‌ڵکی کوردستان و ژینگه‌ی کوردستان، جارێکی دیکه پشتیوانیی خۆمان له داوا و ناڕه‌زایه‌تییه ڕه‌واکانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی کوردستان، به‌تایبه‌ت ئاوڕدانه‌وه له رێگاوبانه‌کان (که له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه به جاده‌کانی مه‌رگ ناو ده‌برێن) ده‌رده‌بڕین.
به ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانه‌وه وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌میی خۆمان سه‌باره‌ت به‌و کاره‌ساته دڵته‌زێنه، پرسه و سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه‌ی قوربانییانی ئه‌و ڕووداوه و سه‌رجه‌م خه‌ڵکی شاری سنه و کوردستان ده‌که‌ین.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
مسته‌فا مه‌ولوودی