شانەیەکی دیکە لە تێکۆشەران و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی دێموکراتپەروەری ڕەبەت لە چالاکییەکی تەبلیغیدا یادی شەهیدانی تیرۆری”ڤییەن” و سەرجەم شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستانیان بەرز ڕاگرت.
شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٨ لەسەر ١٩ی پووشپەڕ لە بەرەبەری بیست ونۆیەمین ساڵیادی تیرۆری دوکتور قاسملووی نەمر، دەستەیەکی دیکە لە لایەنگران و تێکۆشەرانی دێموکرات لە ناوچەی ڕەبەت و لە ئاواییەکانی
زمزیران، سارتکێ، جبەرەند، سیسێر، سوێروێ و چەند گوندی دیکە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهید دوکتور قاسملوو و نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕانە وێڕای مەحکووم کردنی سەرلەنوێ کۆماری ئیسلامی ، لەگەڵ ڕێباز وئامانجەکانی شەهید دوکتور قاسملوو پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.
شیاوی باسە چالاکییە تەبلیغییەکان بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ئەمساڵ لە شار و ناوچەکانی کوردستان لەکاتێکدایە کە ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسداران کەشێکی ئەمنیەتییان زاڵ کردوەو ، تەواوی هێلی پەیوەندیەکانیان تێکداوە و، هەروەها ئەو کەسانەی گومانیان لەسەر هەبێ خستویانەتە ژێر چاوەدێریەوە لە رێگای ژمارەکانیانەوە کۆنترۆڵیان دەکەن.
هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ لەو بارەوە بە “کوردستان وکوردی” ڕاگەیاند؛
ماوەیەکە لە کاتی پێوەندی گرتن بە مۆبایل و تلیفۆن بە کەسانی نیزیک ، کەسێکی نەناسراو وڵام دەداتەوە و ئەمە بۆ زۆربەی خەڵکی شنۆ هاتووتە پێش.
جێیئاماژەیە لە سەرەتای مانگی پووشپەڕەوە، ڕێوشوێنی ئەمنیەتی لە ناوچەکانی کوردستان توندتر کراوە.