بە گوێرەی هەواڵێک کە لە ناوچەی شنۆوە بە “کوردستان وکورد” گەیشتوە، شەوی شەممە لە سەر یەکشەمە، ١٦ لە سەر١٧ی پووشپەر، محەممەد نازر، کوڕی حاجی ئەحمەد نازر، خەڵکی “حەسەننووران”ی شنۆ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک محەممەد، مامۆستایەکی خۆشەویست و ، مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر بوو.
ئەو مامۆستایە بە هۆی ڕابردووی زۆری لە بوارەکانی وەرزش و مامۆستایەتی و بەشداری لە خزمەتی خۆبەخشانە بە شار و ناوچەی شنۆ، خۆشەویست و جێگەی ڕیزی توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک بوو. محەممەد نازر، هەر وەها برای کادری شەهیدی حیزب، بازید نازر بوو. تیکۆشەر بازیدی نازر لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئێعدام کرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچیدوایی ئەو مامۆستا خۆشەویستە، بە گەرمی سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی، خەڵکی حەسەننووران و هەموو ناوچەی شنۆ دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.