ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی هەوشار بە بۆنەی ٢٩ ساڵەی تێرۆری ریبەری ناوداری کورد، شەهید دوکتور قاسملووە، لە ئاستێکی بەریندا چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
تێکۆشەرانی سەر بە رێکخستنە نهێنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری تیکابی ناوچەی هەوشار، شەوی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی زیاتر لە سەد نوسخە لە تراکت، وێنە و وتەکانی شەهید دوکتور قاسملوو، لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕدا بۆ جارێکی دیکە وەفاداریی خۆیان بە بیر و ئەندێشەکانی شەهید دوکتور قاسملوو دووپات کردەوە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی لەم پێوەندییەدا بە ناوەندی هەواڵی “کوردستان و کورد” گەیشتوون، بەیانیی رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ١٨ی پووشپەڕ، هێزێکی زۆری رێژیم بە نێو شاری تیکاب دا بە مەبەستی کۆکردنەوەی تراکت و وێنە و درووشمەکان بڵاوبوونەوە.
ئەو شوێن و گەڕەکانەی کە تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری تیکاب چالاکیی تەبلیغییان تێدا بەڕێوە بردوە، بریتین لە: شەریفاوا، جادەی بیجاڕ، جادەی سایینقەڵڵا، مەدرەسەی خومەینی، مەدرەسەی ئیمام عەلی، مەدرەسەی شەریعەتی، مزگەوتی ئەلغەدیر، مزگەوتی شافعی و مزگەوتی جامیعە و بە دەیان کۆڵانی شار.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە دەستخۆشی لە تێکۆشەرانی حیزب لە ناوچەی هەوشار دەکات و سەرکەوتنیان لە ئەرکە پێئەسپێردراوەکانیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.