نوێنەری ئێران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە نامەیەكدا بۆ سەرۆكی شوورای ئەمنیەتی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە كە دەستێوەردانی نیزامیی عەرەبستان لە كاروباری نێوخۆیی یەمەندا، ناسەقامگیر بوونی هەرچی زیاتری ئەم وڵاتەی لێ کەوتۆتەوە.
غوڵامعەلی خۆشڕوو، باڵوێزی ئێران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەم نامەیەدا جەختی كردۆتەوە كە بۆمبارە ئاسمانییەکانی عەرەبستانی سعوودی، ڕێگەی ئەلقاعیدە، داعش و باقی گرووپە تێرۆریست و توندڕەوەكانی دیكە لەم ناوچەیەی بۆ داگیر كردنی بەشێكی بەربڵاوتر لە خاكی یەمەن خۆش کردوە.
لەلایەکی دیکەوە خالید حوسێن ئەلیەمانی، نوێنەری یەمەن لە شوورای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە وە تاونبار كردووە كە پەرەی بە گەلاڵەی كوودەتای حوسییەکانو نانەوەی ناکۆکیی مەزهەبی لە یەمەن داوە.
شایانی باسە شوورای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی سێشەممە، 25ی خاكەلێوە، گەمارۆی چەك و چۆڵی خستۆتە سەر گڕووپە چەکدارەکانی حووسی كە لە ئێستادا بەشێكی زۆر لە خاكی یەمەنیان خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە.