حوکمی ئێعدامی ٨ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان کە بە تۆمەتی هێرش بۆسەر بینای مەجلیسی ئێران زیندانی کرابوون جێبەجێ کرا و هەروەها بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێش، حوکمی ئێعدامی ٣ هاووڵاتیی کوردیان لە زیندانی ئەو شارە ڕاگەیاند.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ حوکمی ئێعدامی ٨ هاووڵاتیی کورد لە تاران لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە.
لە سێدارەدانی ئەو ٨ کەسە لە کاتێک دایە کە ڕۆژی ڕابردوو مووسا غەزەنفەرئابادی، سەرۆکی دادگای شۆڕشی تاران بە ماڵپەڕی حکوومەتیی “تەسنیم”ی ڕاگەیاندبوو: “حوکمی ئێعدامی ٨ تیرۆریستی داعشی کە لە هێرش بۆ سەر بینای مەجلیس و گۆڕی خومەینی ڕۆڵیان هەبووە، بە مەبەستی جێبەجێکردن ڕەوانەی دادستانی کراوە”.
ئەو ٨ کەسە کە سەرجەمیان خەڵکی پارێزگای کرماشان، بە ناوەکانی سڵێمان موزەفەری، تەمەن ٥٥ ساڵ، کوڕی ڕەحمان و خەڵکی ڕوانسەر، ئیسماعیل سۆفی، تەمەن ٣٣ ساڵ، کوڕی مەجید و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، ڕەحمان بێهرووزی، کوڕی کەریم و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، سەید ماجێد مورتەزایی کوڕی حوسێن و خەڵکی پاوە، سیرووس عەزیزی تەمەن ٣٢ ساڵ، کوڕی عەبدولخالق و خەڵکی پاوە، ئەیووب ئیسماعیلی، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی حوسێن و خەڵکی سەلاسی باوەجانی، خوسرەو ڕەمەزانی میرئەحمەدی کوڕێ کاک ئەحمەد تەمەن، ٤٢ ساڵ و عوسمان بێهرووزی، تەمەن ٢٩ ساڵ و برای ڕەحمان بێهرووزی خەڵکی سەرپێڵزەهاو لە زیندانی کرماشان ئێعدام کران.
بینای مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە کۆتایی هاوینی ساڵی ڕابردوو هێرشێکی کرایە سەر و لەو هێرشەدا ١٧ کەس لە خەڵکی ئاسایی کوژران و ٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە پێی ئاماری تۆمارکراوی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان پاش ئەو ڕووداوە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە هاووڵاتییانی کورد لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر کران.
هەر لەو پێوەندییەدا و لە هەواڵێکی دیکەدا سەرلەبەیانی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ، ٣هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “گوڵی حاجیپوور”، لە بەندی ژنان، “محەممەد ڕەوشەنی و شەهباز ئیبراهیمی” لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ئیعدام کران.
ئەو ٣ هاووڵاتییە کوردە خەڵکی شارەکانی سەردەشت و ورمێ بوون، کە لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ئێعدام کراون.
میدیا و ڕاگەیاندنەکانی ڕەسمی و هێزی قەزاییی حکوومەتی ئیسلامی، تا ئێستاشی لەگەڵ بێ بە نیسبەت ئێعدامی ئەو کەسانە بێدەنگیان هەڵبژاردووەو هیچ هەواڵێک لەو پێوەندییەدا بڵاو نەکراوەتەوە.