ده‌زگای قه‌زایی کۆماری ئیسلامی ده‌ڵێ سه‌دا ٧٠ ی حه‌شیمه‌تی زیندانیانی ئێران له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مادده هۆشبه‌ره‌کاندا گیراون.
غولامحوسێن موحسینی ئێژه‌یی، جێگری یه‌که‌می ده‌زگای قه‌زایی به داننان به په‌ره‌سه‌ندنی کێشه‌ی ئێعتیاد‌و زۆربوونی په‌روه‌نده‌کانی پێوه‌ندیدار به مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ڵێ ده‌زگای قه‌زایی به ڕاده‌ی پییوست کارمه‌ندو قازیی بۆ پێڕاگه‌یشتن به‌و په‌روه‌ندانه له‌به‌رده‌ستدا نییه.
ئه‌و ده‌ڵێ زیاتر له ١٨ ساڵه ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تیی دروستکردنی ئۆردوگاکانی ڕاگرتنی که‌سانی موعتاد‌و تاوانبارانی پێوه‌ندیدار به ماده‌ی هۆشبه‌ر به ستادی به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ مادده هۆشبه‌ره‌کان سپێردراوه، به‌ڵام تا ئێستاش چووکه‌ترین کاری بۆ نه‌کراوه.
موحیسنیی ئێژه‌یی ده‌ڵێ سه‌دا ٤٥ زیندانییه‌کان له ئێران ڕاسته‌وخۆ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مادده هۆشبه‌ره‌کاندا گیراون. پێشتریش سادق لاریجانی، سه‌رۆکی ده‌زگای قه‌زایی ئێران گوتبووی که زۆرترین حوکمی ئێعدامه‌کان له ئێران پێوه‌ندیی به تاوانبارانی مادده هۆشبه‌ره‌کانه‌وه هه‌یه.
شایانی باسه که ستادی به‌ره‌نگار بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ماده‌ی هۆشبه‌ری ئێران، ژمارەی موعتاده‌كانی ئه‌م وڵاته‌ی ١ میلیۆن و ٣٢٥ كه‌س ڕاگه‌یاندووه، به‌ڵام ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر مه‌حموود گوڵزاری، جێگری پێشووی ڕێكخراوی وه‌رزش و لاوان ڕایگه‌یاند كه حەشیمەتی موعتاده‌كان لە ئێران زیاتر له 3 میلیۆن كه‌سن.