لە ٢٩مین ساڵیادی شەهیدکرانی ڕێبەری ناوداری بزووتنەوەی کورد، دکتور قاسملووی هەردەم زیندوو، لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەریوان، لە چالاکییەکی تەبلیغیدا یادو ناوی دوکتور قاسملووی ڕێبەریان بەرز ڕاگرت.
شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕ بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ تێکۆشەران و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەریوان، بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەستی تیرۆریستە بەناو دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی، بە بڵاو کردنەوەی تراکت و نووسراوەی پێوەندیدار ، وێڕای مەحکووم کردنی رێژیمی تیرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ ڕێباز و ئامانجەکانی شەهید دوکتور قاسملووی ڕێبەر و، سەرجەم شەهیدانی کوردستان پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.
ئەوشوێنانەی لە شاری مەریوان کە تێدا چالاکیی تەبلیغی کراوە، بریتین لە؛ دەوروبەری ستادیۆم، شەقامی مەردۆخ، گەڕەکی نەوبەهار و چەندین شوێنی دیکەی ئەوشارە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای دەستخۆشی کردن لە لایەنگران و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەریوان ، سڵاویان بۆ دەنێری و، سپاسیان دەکا.