برایان هووک یەکێک لە ڕاوێژکاران و بەرپرسی بەرنامەڕێژیی سیاسیی وەزارەتی دەروەی ئامریکا ، هاوکات لە گەڵ سەردانی حەسەن روحانی لە وڵاتانی ئورووپایی، تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی وەبیری کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هێناوە.
ئەو ڕاوێژکارە رۆژی دووشەممە ١١ی پووشپەڕ بە باسی کردن لە خولی نوێ گەمارۆکەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە ڕایگەیاند؛ لە ١٣ گەلاوێژەوە گەمارۆکان بۆ سەر ئێران توندتر دەبن و، لە قوناخێکی دیکەدا هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە تەواوی دادەبەزێت.
برایان هووک پلانداڕێژ و، بەرپرسی سیاسەت گوزاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە ئاماژەدان بە سەردانی حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئێران، لە وڵاتانی ئورووپایی لەوبارەوە ڕایگەیاند: پێم سەیرە کە سەرۆکۆماری ئێران بڕیارە سەردانی ڤییەن بکات، لە کاتێکدا ئەمساڵ ٢٩ ساڵ، بەسەر تیرۆری یەکێک لە رێبەرانی کورد و سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات، بە دەستی تیرۆریستە بەناو دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی ، لە وڵاتی ئۆتریش تێدەپەڕی و، تا ئێستاشی لەگەڵ بێ رێژیمی ئێران دانی بەو تاوانە دانەناوە.
برایان هووک لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی تەمەنی خۆیدا، پێشینەیەکی تاڵی لە توندوتیژی و سەرەرۆیی لە وڵاتانی ئورووپایی هەیە و پێویستە وڵاتانی ئورووپایی بێر لەوە بکەنەوە کە لەگەڵ چ رێژیم و دەوڵەتێک هەڵسوکەوت دەکەن.
هاوکات لەگەڵ گوشارەکانی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بۆ سەر رێژیمی ئیران، حەسەن روحانی لە هەوڵ دایە کە وڵاتانی ئورووپایی ڕازی بکات کە لە ڕێککەوتنی بەرجام نەکشێنەوەو پێوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکەی نەپچڕێنن.
سەردانی حەسەن روحانی لە سویس و، دواتر بۆ ئۆتریش لە کاتێکدایە کە ئامریکا بەڕاشکاوی وڵاتانی ئورووپایی ئاگادار کردووتەوە، ئەگەر درێژە بە پێوەندی خۆیان لەگەڵ ئێران بدەن، گەمارۆکانی ئامریکا ، کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە.