یەکێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکرات، دوای تەمەنێک ژیان بەسەرفەرازی، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێیهەواڵێک کە لە مەهابادەوە بە دەستمان گەیشتووە، کاک مەحموود مەحموودی پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ ٩٧ی هەتاوی لە تەمەنی ٩٣ ساڵەییدا بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک مەحموود بە وتەی ناسیاوانی مرۆڤێکی کوردپەروەرد و، نیشتمانویست بوو، هەر ئەو هەستە پیرۆزە بوو بە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەکەشی ببن بە خەمخۆری گەل ونیشتمان و، کوڕێکی بەناوی هاوڕێ جەعفەر شەریعەتی ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد درێژە بدا و، ببێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات.
هاوڕێ جەعفەر شەریعەتی ئێستا وەکوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان نیشتەجێی وڵاتی نوروێژە.
کاک مەحموود لە هەڕەتی لاویەتیدا لە نێو سپای میللی سەردەمی کۆمار ی کوردستان، چەکی بەرگری لە خاک ونیشتمان هەڵگرت و، ئەو هەستە نیشتمانپەروەرییە لە ناخیدا تا دواهەناسەی ژیانی بە گەشاوەیی مایەوە.
راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی خۆی پێشکەشی کەسوکاری خوالێخۆشبوو ، بە تایبەتی هاوڕێ جەعفەر شەریعەتی لە وڵاتی نۆروێژ دەکا و، خۆی لە خەمیان بە شەریک و بەشدار دەزانێ.