ئاڵۆزی و بشێوی لە شارە گەورەکانی ئێران پێی نایە چوارمین رۆژەوە.
ئەمرۆ چوارشەممە ٦ی پووشپەڕ سەرەڕای بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکان لە شاری تاران، دوو شاری گرینگی دیکەی ئێران ، ئیسفەهان و ئەراک، پەیوەست بوون بە مانگرتنەکان و، بەرانبەر بە سیستەمی کۆماری ئیسلامی و، دۆخی نالەباری ئابووریی وڵات، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن شەوی رابردوو لە چەند مەنتەقەی تاران وەکوو “تهرانپارس، شوش، منیریە، راە آهن” لە نێوان هێزە ئنتیزامییەکان و، خۆپێشاندەران تێکهەڵچوون رووی داوە.
ئەمرۆ چوارشەممە ٦ی پووشپەڕ ناڕەزایەتیی دوکانداران و بازاڕییانی شارە گرینگەکانی ئێران، بەتایبەتی شاری تاران بەردەوامەو، سەرەڕای هەڕەشەی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە مانگرتووان، بەڵام خەڵکی ناڕازی شەقامەکانیان جێنەهێشتووە و، بەشێکی زۆر لە دوکان و بازاڕەکان داخراون.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، لە تاران تا کرماشان، لە کاتێکدایە کە هێزە ئەمنی وئنتیزامییەکان دەستیان داوەتە سەرکوت و لێدان و هێرش کردن بۆسەر خەڵک.
جێیوەبیرهێنانەوەی دروشمی سەرەکیی خۆپێشاندەران، دروشمی ” بمرێت دیکتاتۆر”ەو، بڕوایان بە وادە و بەڵێنی بەرپرسانی ڕێژیم نەماوە.
هەڵکشانی نرخی دۆلار و دابەزینی سەرسووڕهێنەری نرخی دراوی ئێرانی، بۆتە کێشەو قەیرانێکی ئابووری وسیاسیی لە ئێستای ئێراندا.