لە شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، بەدژی گرانی و داڕمانی ئابووریی وڵات، لە چەند شاری ئێران، خەڵک دروشمی “بمرێت دیکتاتۆریان” بەرز کردەوە.
رۆژی دووشەممە ناڕەزایەتیی بازاڕییانی شاری تاران دەستیپێکرد و، لە بەردەم مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ئێران کۆبوونەوە، لە چەندین مەڵبەند ومەنتەقەی بەرچاوی ئەو شارە، خەڵک بە دروشمەکانیان کۆی ڕێژیمی “کۆماری ئیسلامیی ئێران”یان، کردە ئامانج و، دروشمی ” بمرێت دیکتاتۆر”یان گوتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٥ی پووشپەڕ، دوکاندارانی بازاڕی مەولەوی تاران، کە یەكێک لە گرینگترین بازاڕەکانی تارانە، بە داخستنی دوکان وبازاڕ ڕژانە سەرشەقام و، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
دەگوترێ هێز ئەمنییەکان لە دوویەمین رۆژی ئەو ناڕەزایەتییانە، بە گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی پلاستیکی هێرشیان کردوە سەرخەڵک و دەیان کەسیان بریندار و دەسبەسەر کردووە.
ئەمرۆ بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران سادق لاریجانی بەتوندی هەڕەشەی لە خۆپێشاندەران کرد کە سزای قورسیان بۆ دەبڕێتەوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، خەڵک لە شارەکانی تاران و شیراز و ئیسفەهان و تەورێز، ناوەناوە درێژە بە خۆپێشاندان دەدەن و، لەسەر شەقامن.