حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێران وێڕای نیگەرانی دەربڕین لە بارودۆخی ئێستا رایدەگەیەنێ، کە هەنگاوەکانی ئەم دواییانەی سەرۆکی ئەمریکا زۆر لە جاران مەترسیدارترە
حەسەن رۆحانی سەرکۆماری ئێران ئەمڕۆ لە کاناڵە ڕەسمییەکانی ئێران بەشێوەیەکی راستەوخۆ رایگەیاند، ئێران چۆک بۆ فشارەکانی ئەمریکا دانادەو ، ”بەرگریی لە سەربەخۆیی و بەهاکان دەکەین“.
حەسەن رۆحانی وێڕای رەخنەگرتن لە کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی 5+1 رایگەیاند، هەنگاوەکانی ئەو دواییانەی دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا لە رێکەوتنەکە ”زۆر مەترسیدارە بۆ ئێران و تەنانەت و زیانی بە ناوبانگی ئەمریکاش گەیاندووە“.
هەروەها سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، کە وڵاتەکەی مافی خۆیەتی پارێزگاریی لە پیتاندنی ئورانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتی دەکا.
شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێکەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی 5+1، ئیمزا کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی 5+1 لە 2015 لە شاری لۆزان لە سویس ئیمزا کرا، کە بەپێی ئەو رێکەوتنە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێ و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکا.